شلێرەکانی باڵەکایەتی قەتڵ و عام دەکرێن

+964
ئاسۆ وەرتی – باڵەکایەتی

ئەمڕۆ 23.4.2023 لە کوێستانەکانی چیکان لە گوندی دەربەندی باڵەکایەتی، زیاتر 180 گوڵە شلێر لەناوبراون.

بەهۆی لەناوبردنی ئەم گوڵە شلێرانە زیانی زۆر بە ژینگەی ئەوناوچەیە کەوتووە، نیگەرانی خەڵکی ناوچەکەشی لێکەوتووەتەوە.

موزەفەر ناوەندەیی، چالاکوانی ژینگەیی بە 964 ی وت، “بەداخەوە کەسانێک هێندە بێ ویژدانن، دوای وێنەگرتن و تەواو بوونی سەفرەکانیان، هەستاون بە لەناوبردنی ئەم شلێرانە”.

هەروەها باسی لەوەش کرد “ژینگەی باڵەکاتی لە بەردەم مەترسی لەناوچووندایە، ئێستا کەنگر و رێواس و لووشە و کاشما و سەدا 80%ــی ئەو گژوگیانە له ناوچوون، چونکە کەسانێک دێنە ئەو ناوچەیە بەرامبەر ژینگە هیچ هەست بە بەرپرسیاریەتیی ناکەن و لەناوی دەبەن، لە کاتێکدا ئەو ژینگەیە هەزاران ساڵی پێویست بووە تا وەک ئێستای لێهاتووە”.

ئه‌و چالاكوان داوای کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەرخەت و بە زووترین کات رێگری بکه‌ن، سنوورێک بۆ لەناوبرنی سروشتی جوانی ناوچه‌كه‌ دابنێن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا