گۆڕستانێک بۆ مردووان، هەفتەبازارێک بۆ زیندووان
گردی سەیوان
رازاو محەمەد – سلێمانی
گردی سەیوان لەشاری سلێمانی، شوێنکە زۆربەی هاوڵاتییان بە گۆرستان دەیناسن، بەڵام هەموو رۆژانی هەینییە بۆ هەفتەبازارێکی جەماوەری دەگۆڕدرێت و دەیان هاوڵاتی بۆ کڕینی کەلوپەلی رۆژانە و خواردن بە نرخێکی هەرزان سەردانی دەکەن.
ژنێک کە بە پێی وتەی خۆی ماوەی 25 ساڵە بەردەوام سەردانی گردی سەیوان دەکات، بۆ 964 وتی، هەموو هەینییەک بۆ سەردانی گۆڕی کوڕ و هاوسەرەکەم دێم، دواییش لە هەفتەبازارەکە دەسوڕێمەوە، هەرچەندە نرخی شتومەکەکان زۆر هەرزانن، بەڵام نەبوونی دەسەلاتم نییە زۆر شت بکڕم.
فرۆشیارێکی هەفتەبازارەکەش بۆ 964 دەڵێت؛ نرخی شتومەک لەم بازارە زۆر لە بازارەکانی تر نزمترە، بۆ نموونە کیلۆیەک خەیار بە 250 دینار دەفرۆشرێت، بۆیە زۆرێک لەهاوڵاتییە كەمدەرامەتەكان روو لەم بازارە دەکەن.
هەفتەبازاری گردی سەیوان لەگەڵ ئەوەی لە تەنیشت گۆرستانێک دایە، بۆ زۆرێک لە هاوڵاتییان بووەتە شوێنێک بۆ یەکگرتنی سەردانی مردووان و دابینکردنی پێداویستییەکانی رۆژانەیان بە کەمترین نرخ.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر