سەفین دزەیی بۆ +964؛ ئێران هیچ نامەیەکی ناڕەزایەتی نەگەیەنراوەتە فەرمانگەی پەیوەندییەکان
ئەو لێدوانەی بۆڵتن بە خێرایی لە میدیای جیهانی و ئێران بڵاوبووەوەو، حکومەتی هەرێمی کوردستانی درەنگانی شەوی رابردوو هێنایە سەرخەت. حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت؛ بە هیچ شێوەیەک رێگەمان نەداوە و رێگەش نادەین ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە تێکبدرێت و ئەمجۆرە هەواڵانە دوورن لە راستیەوە.“چاوەڕێی ئەوەش لەو هێزانە دەکەین پابەند بن و نەبنە هۆکار بۆ ئەو گرژییانەی ئێستا هەیەو دەبێت رێز لە یاساکانی هەرێمی کوردستان بگرن”
لەبارەی لیدوانەکەی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووتری حکومەتی ئەمەریکا لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هەردوولامان بای ئەوەندە “یەکتر دەناسین”، ئەوە جگە لە سەردەمی شا، لە سەردەمی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش تا ئێستا ئەو پەیوەندییە هەیەو بەردەوامە، بۆیە بای هێندە ئاشنایەتیمان هەیە تا هەر شتێک بێتە پێشەوە بە گفتوگۆ چارەسەری بکەین و پشت بە لێدوانی کەسانی تر نەبەستین. پێوەند بەوەی چەندە لەسەر ئاستی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی کونسڵخانەو باڵوێزخانەی ئێران لە هەرێم و عێراق، نامەی ناڕەزایەتی گەیەنراوەتە هەرێم، سەفین دزەیی وتی “لیژنەی باڵای هاوبەش لەنێوان هەرێم و ئێران هەیە لە دەرەوەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم، کە کار لەسەر ئەو پرسانە دەکات و لە رابردووشدا کاری کردووە، پێوەند بە دیوە دیپلۆماسییەکەش هیچ نامەیەکی ناڕەزایەتی لەلایەن باڵوێزخانەو کونسڵخانەی ئێران نەگەیەنراوەتە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم”. زیاتر وتی “ئێمە پەیوەندییەکی دوورو درێژمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە، لە رابردووشدا ئەو پەیوەندییانە دووچاری هەورازو نشێو بووە، ئێستاش لەو بروایە دام کە خەڵکانێک هەن پەرۆشی باش بوونی پەیوەندییەکانن، ئێستاش هەوڵ هەیە بۆ چارەسەر تا لەوە زیاتر قسە هەڵ نەگرێت، چونکە هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەو زمانەی هەڕەشەیەی لە میدیاکانی ئێران و هەندێ بەرپرسی ئێرانی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دەیبیستێت، ئەمەش خزمەت بە زمانی گفتوگۆ، دیپلۆماسییەت و عەقڵانیەت ناکات، دەکرێت کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆو دیپلۆماسیەتەوە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە”.سەفین دزەیی؛ بای هێندە ئاشنایەتیمان هەیە تا هەر شتێک بێتە پێشەوە بە گفتوگۆ چارەسەری بکەین و پشت بە لێدوانی کەسانی تر نەبەستین