لە کەرکوک نرخی کارەبای مۆلیدە ناڕەزایی دروست کردووە

964+
کاروان ساڵحی ،کەرکوک

لیژنەی دیاریکردنی نرخی مۆلیدە ئەهلییەکان لە کەرکوک، نرخی پارەی ئەمپێری مۆلیدەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە ، بەڵام بە هۆی زۆریی نرخەکەی کەوتنەبەر رەخنەی هاوڵاتیان و ئەوان پێیان وایە جیاوازی لە نێوان سەنتەری شار و قەزاو ناحییەکاندا کراوە .

قایمقامی ناوەندی کەرکوک نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی ئادار بڵاوکردەوە لە نێوان 6500 بۆ 9000 هەزار دینارە، ئەمەش بووەتە هۆی گلەیی و گازندەی هاوڵاتیان، کە پێیان وایە ئەو نرخەی دیاریی کراوە زۆرە، بەو پێیەی مانگی ئادار کارەبای نیشتمانی زۆر باش بووە و مۆلیدەکان کەم کاریان کردووە.

یەشار خلیل هاوڵاتیی کەرکوکە و بۆ تۆڕی 964 قسەی کرد، ئەو پێی وایە غەدرێکی زۆر لە هاوڵاتیان کراوە لە مانگی رابردوودا، کارەبای نیشتیمانی زۆر باش بووە و مۆلیدە کەم کاری پێکراوە، ئەو دەڵێت “جیاوازیی نرخەکان لە نێوان قەزا و ناحیەکان هەیە، بۆ نموونە لە ناحیەی تازە نرخەکەی ناگاتە 7500 دینار، هەندێک شوێن هەیە 4500 هەزار دینارە .

فەلاح یایچی قایمقامی ناوەندی کەرکوک بە تۆڕی 964 ی وت، دیاریکردنی نرخ لەسەر بنەمای پێدانی کارەبای مۆلیدەیە، کە بە گۆترە دیاریی ناکرێت ، گەڕەک هەیە نزیکەی 200 کاتژمێر کارەبای پچڕاوە لە مانگێکدا،  گەڕەکیش هەیە کەمتر لە ‌‌‌‌150 کاتژمێر کارەبای  پچڕاوە لە ماوەی مانگێکدا، هەر هاوڵاتییەکیش گلەیی هەبوو دەتوانێت سەردانمان بکات و سەیری رێژەی کارپێکردنی مۆلیدەکەی بکات .

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا