وێنەی قوتابخانەیەک لە هەرێمی کوردستان کە سیستەمی سۆلار بەکار دەهێنێت - وێنە؛ ئەرشیفی 964
لەبارەى هەوکردنى پەردەى مێشک
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم دڵنیایی دەدات: پێویست بە دڵەڕاوکێ و راگرتنی خوێندن ناکات
964+
وریا فەتاح
دوای تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە چەند پارێزگایەکی عێراق، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دا کە دۆخەکە لە هەرێم بە تەواوی لە ژێر چاودێریدایە و هیچ ئاماژەیەکی پەتازانی بۆ بڵاوبوونەوە و زیادبوونی نائاسایی نییە.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو حاڵەتانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن تاکەحاڵەتن و هاوشێوەی ساڵانی رابردوون، بۆیە لە ئێستادا پێویست بە دڵەڕاوکێ و راگرتنی هیچ کاروبارێک و پرۆسەی خوێندن ناکات.
سەبارەت بە نەخۆشییەکە روون کراوەتەوە کە هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی گواستراوەیە و بریتییە لە هەوکردنی پەردەکانی مێشک و دڕکەپەتک، نیشانەی گشتی و تایبەتی هەیە، بە پشکنینی تایبەت پشتڕاست دەکرێتەوە و چارەسەریشی بەردەستە.
وەزارەتی تەندروستی جەختی کردووەتەوە کە تیمەکانیان بەردەوامن لە چاودێریکردنی قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و دەستنیشانکردن، هەموو ئامادەکارییەکانیش بۆ پشکنین و چارەسەرکردن کراون و لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی نوێدا هاووڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە.