له‌ نزیک كۆشكی سپی

کەسێک بە تۆمەتی هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ دەستگیر کرا

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەستگیرکردنی پیاوێکی ڤەنزوێلاییان لە نزیک کۆشکی سپی راگەیاند دوای ئەوەی چەند جۆره‌ چەکێک لەناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا دۆزرایه‌وه‌ و ئۆتۆمبێله‌كه‌شی دزراو بوو‌.

ناوبراو رووبەڕووی تۆمەتی هەڕەشەی کوشتنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا كراوه‌ته‌وه‌.

تۆڕی ئەمریکی 7نیوز بڵاویکردەوە، ئەو کەسە ناوی رۆنی یۆردرێکس گوانیپا چیرینۆسە، رۆژی پێنجشەممە 5.11 دەستبەسەر کراوە، دوای ئەوەی کارمەندانی ئەمنی لەناو ئۆتۆمبێلێکی وەستاودا لە شەقامی کۆنستیشنیون لە نزیک کۆشکی سپی بینیویانە و ره‌فتارەکانی جێی گومان بووه‌

بەپێی وتەی بەرپرسان، پیاوەکە قسەی لەگەڵ کارمەندانی ئەمنی کردووە سەبارەت بە هۆكاری بوونی لە شوێنەکە پێش ئەوەی بزانرێت ئۆتۆمبێلەکە دزراوە و کۆگایەکی چەکی تێدایە، کە بریتین لە تفەنگێکی AR-15 و تفەنگێکی MAC-10 و دەمانچەیەکی گلۆک 43X، لەگەڵ تەقەمەنی.

تۆڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتبارەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە گوێی لە دەنگێک بووە داوای کوشتنی سەرۆک تره‌مپی لێدەکات، هەرچەندە سروشتی ئەو دەنگانە و بارودۆخی دەوروبەری لێدوانەکەی روون نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

بەرپرسان رایانگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە چیرینۆس لە مانگی ئاداری 2024 لە رێگەی سنووری مەکسیکەوە لە ویلایەتی تێکساس هاتووه‌تە ناو ئەمریکاوە، پێش ئەوەی لەلایەن پۆلیسی سنووری ئەمریکاوە دەستگیر بکرێت و دواتر ئازاد بکرێت.

وتەبێژی دەزگای خزمه‌تگوزاری نهێنی رایگەیاندووە، بریکارەکانیان توانیویانە ئەو دۆخە كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، کە بە دۆخێکی ناجێگیر وەسفی کردووە.

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، رووداوەکە رەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی ئاستی هەڕەشەکانە، کە رووبەڕووی ئاژانسەکە دەبێتەوە و بەردەوام کەسانی چەکدار له‌ دەوروبەری کۆمەڵگەی کۆشکی سپی ده‌بینرێن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لای خۆیه‌وه‌ ئاشكرای كرد، دەزگاکە بەردەوامە لە راهێنانی کارمەندەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە حاڵەتانە، بەڵام نیگەرانی خۆی دەربڕی لە زیادبوونی ژمارەی رووداوەکانی پەیوەست بە هەڕەشە ئەمنییەکان.