هه‌ستێكی تایبه‌ته‌

بۆ یه‌كه‌مجار 60 خوێندكاری كورد له‌ به‌ریتانیا ئاهه‌نگی ده‌رچوونیان سازكرد

بڵند عه‌لی – له‌نده‌ن

بۆ یه‌كه‌مجاره‌ 60 خوێندكاری كورد له شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی‌ به‌ریتانیا، به‌یه‌كه‌وه‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونیان ساز كرد، ئه‌مه‌ش به‌ قسه‌ی خۆیان هه‌ستێكی تایبه‌تی پێبه‌خشیوون.

964 له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خوێندكاره‌كان ئاماده‌بوو، كه‌ له‌ یەک شوێن ئاهه‌نگیان گێڕا و بڕوانامەی دبلۆمی باڵایان بەدەستهێناوه‌ له‌ به‌شی بزنس له‌ زانكۆی شا ئیدیوکەیشن.

ساندی سەرهەد بۆ 964 وتی، هه‌ستێكی زۆر خۆشه‌ له‌گه‌ڵ كوردانی دیكه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوون ده‌گێڕین و هیوادارم كوردانی دیكه‌ش بێن له‌و زانكۆیه‌ بخوێنن و به‌یه‌كه‌وه‌بن.
سیدرا تەڵعەت، خوێندكارێكی تری زانكۆكه‌یه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا هاوسه‌ری ساندی سه‌رهه‌ده‌، ئه‌و به‌ جلی كوردییه‌وه‌ ئاماده‌بووه‌ و دوو جار دڵخۆشه‌، جارێک بۆ ده‌رچوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی و جارێكیش به‌وه‌ی یارمه‌تی هاوسه‌ره‌كه‌ی داوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كه‌ی و به‌ پێكه‌نینشه‌وه‌ وتی، “وابزانم خۆم جارجار سه‌عی پێده‌كه‌م”.

ژماره‌یه‌كی زۆری خوێندكاری كورد له‌ ئه‌وروپا ده‌خوێنن و له‌ وڵاته‌ جیاجیاكانن، به‌ڵام یه‌كه‌مجاره‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ ژماره‌یه‌كی وا ئاهه‌نگی ده‌رچوون سازبكه‌ن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا