سێ یەکی توانای جارانی دەبێت
بە ئەگەرێکی بەهێز رۆژى یەکشەممەى داهاتوو لە کۆرمۆر کارکردن دەستپێدەکاتەوە
964+
ژوورى هەواڵ
پلان وایە ئەم یەکشەممەیەی دێت لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر کارکردن دەست پێ بکاتەوە، ئەگەر وابێت ئەوا وەزعی کارەبا بەرەو باشی دەڕوات.
رۆژى 8ـى ئەم مانگە، درۆنێک کۆگایەکى بەرهەمهێنانى غازى بە ئامانجگرت و بەو هۆیەوە کارکردن لە کێڵگەى کۆرمۆر راگیرا، بەمەش کارەباى 24 کاتژمێرى بۆ 6 تا 8 کاتژمێر کەمبووەوە.
سەرچاوەیەک کە بەهۆی پۆستەکەیەوە لە ناو کێڵگەکە ئاگاداری جموجۆڵەکانە، بە 964ی وت: ئەو بەشەى لە هێرشەکە پێکراوە KM400ـە کە تواناى بەرهەمى رۆژانەى 500 ملیۆن پێ سێجا غازى هەبوو، تائێستا هیچ کارێکى نۆژەنکردنەوەى بۆ نەکراوە، بەڵام بڕیارە لە رۆژى یەکشەممەوە کارکردن لەو بەشە دەستپێبکات کە ساڵانى پێشوو کارى تێداکراوە و بە KM250 ناسراوە و تواناى بەرهەمى 250 ملیۆن پێ سێجایە.
سەرچاوەکە لەبەر ئەوەی مافی لێدواندانی پێ نەدراوە بۆیە خۆی داوایکرد ناوی نەهێندرێت، بەڵام 964 دەزانێت لە یەکێک لەو بەشە تەکنیکیانەیە کە سەروکاری لەسەر بەکارخستنەوەی کێڵگەکە هەیە.
قسەی سەرچاوەکە بەم شێوەیە بوو: ”ئەو بەشەی کاری لێدەکرێت توانای ئەوەی پێشووی نییە، لە باشترین حاڵەتدا دەتوانێت 250 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەمبهێنێت”.
روونیشى کردەوە، لەو 250 ملیۆن پێ سێجا غازەى ئەو بەشە بەرهەمى دەهێنێت، 150 ملیۆنى بۆ ناوخۆى هەرێمە و 100 ملیۆنى بۆ کارەباى عێراق دەچێت.
“بەڵام تائێستا دیارنییە، ئایا بە دەستپێکردنەوەى عێراق رێگە دەدات 250 ملیۆنەکە بە تەواوەتى بۆ ناوخۆى هەرێم بێت یان وەک جاران تەنیا 100 ملیۆن بێت، ئەوەیان لاى حکومەتە”، سەرچاوەکە واى وت.
سەرچاوەکە جەختى لەوەشکردەوە، ئەگەر کۆى ئەو 250 ملیۆنەى بڕیارە بەرهەمهێنانى تێدا دەستپێبکاتەوە و تەواوى بۆ هەرێمى کوردستان بێت، ئەوا پێدانى کارەبا تا نزیکەى 12 کاتژمێر بەرز دەکاتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشى کرد، ئەگەر کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەى ئەو بەشەى لە هێرشەکە پێکراوە دەست پێبکات، لانیکەم چوار مانگ بۆ 5 مانگى پێویستە تا دەتوانێت بەرهەمهێنان دەستپێبکاتەوە.
پێش هێرشەکە، کۆرمۆر دەیتوانی بۆ هەر رۆژێک 750 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەمبهێنێت، ئەگەر ئێستا بگاتە 250 واتە یەک لەسەر سێی توانای جارانیەتی.