لە ناوچە ساردەکانەوە

سبەی نەوتی سپی دەگاتە پێنجوێن و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت

964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
جێگری پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، سەرجەم رێکارە ئیدارییەکان تەواوکراون و سبەی نەوتی سپی دەگاتە قەزای پێنجوێن و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ 964 ئاماژەی بەوەکرد، کاریان کردووە تا بەشە نەوتی سپیی ماڵان دابەشبکرێت، بەتایبەتیش لە ناوچە شاخاوییەکاندا.
وتیشی: “هەموو رێکارە ئیدارییەکان گیراونەتەبەر و ئەمشەو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانیمان راسپاردووە تا هاوکاربن لە سبەینێوە دەست بکرێت بە دابەشکردنی نەوت”.
جێگری پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، قایمقامی پێنجوێنیش ئاگادارکراوەتەوە سبەی سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکات، تا بە ئاسانترین شێوە ئەو بڕە نەوتەی بۆ هاووڵاتییان دابینکراوە بگاتە ماڵەکانیان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح