په‌یامی بۆ زه‌یدی نارد

حزبوڵای عێراقی بۆ چه‌كداره‌كانی: نهێنیی کارەکەتان و چەکەکانتان بپارێزن

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق ئەبو حوسێن حمێداوی، له‌ رێگه‌ی وته‌بێژی سه‌ربازی حزبه‌كه‌یه‌وه‌ جەعفەر حوسەینی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌ ناوچه‌ی جورف سه‌خڕ په‌یامی خۆی گه‌یاند و رایگه‌یاند، كه‌ چه‌ک دانانێن و كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق له‌ رێگه‌ی “كه‌ناڵی تایبه‌ت” چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

حمێداوی خۆی ده‌رنه‌كه‌وت و له‌ رێگه‌ی وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ په‌یامه‌كه‌ی گه‌یاند، كه‌ پوخته‌ی قسه‌كانی ئه‌مانه‌ بوون:

* داوای لە چەکدارانی کەتائیب کرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان “وەک چۆن پێش باری ئاگادارکردنەوەکە (ئینزار) هەبووە.

*جەختی كرده‌وه‌، کێشە هەبووەکان لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵات (مه‌به‌ستی عه‌لی زه‌یدی بوو) لە رێگەی کەناڵە تایبەتەکانەوە چارەسەر دەکرێن.

* سوپاسی تایبەتی ئاراستەی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی، ئیسماعیل قائانی لە پاڵ هادی عامری، فالح فەیاز و ئەبو فەدەک محەممەداوی کرد لەسەر “هەڵوێستە شەرەفمەندانەیان”.

* كه‌تائیب لە خزمەتتاندا دەمێنێتەوە بۆ پاراستنتان و بەرگریکردن لە ئێوە و پیرۆزییەکانتان، تا هەناسەیەکمان مابێت رێگە بە گەڕانەوەی بکوژان و تاوانباران و تەکفیرییەکان نادەین.

ئەم بەیاننامەیە و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە زەیدی کۆمەڵێک رێنمایی بۆ ئه‌و باره‌گه‌ی ده‌ركرد كه‌ بڕیاره‌ کۆنتڕۆڵی جورف سەخر بكه‌ن، لە کاتی پێشوازیکردن لە فەرماندەی بارەگاکە و جێگرەکەی بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، کە داوای كرد پەلە بكه‌ن لە کردنەوەی هەموو رێگا داخراوەکانی ناحیەی جورف سه‌خر و جەختکردنەوە له‌وه‌ی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تر “شکۆی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا دەسەپێنن”.

پێشتر وتەبێژی حکومەت، حەیدەر عەبودی رۆژی دووشەممەی رابردوو 16.11.2026 رایگەیاندبوو، سه‌رۆكوه‌زیران عه‌لی زەیدی فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کردووە بچنە ناو جورف سەخر و مۆڵەتێکی دیاری کردووە بۆ دەرچوونی کەتائیب لێی، بێ ئەوەی ماوەکەی رابگەیەنێت، لە کاتێکدا کەتائیبی حزبوڵا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی چەکدارەکانی لەژێر ناونیشانی “چەکەکەمان حەقە و لە دەستی موجاهیدەکانماندا دەمێنێتەوە” وەڵامی دایەوە.

کێشەی ناوچه‌ی جورف سه‌خڕ لە نۆی ئه‌م مانگه‌ ته‌قییه‌وه‌، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی هەواڵگری، كه‌ لە وەزارەتی ناوخۆ ده‌رچووه‌ و باس لە کونکردنی بۆرییەکانی نەوت لە جورف سەخر و گواستنەوەی نەوت بە تەنکەر دەکات، پێش ئەوەی زەیدی بڕیار بدات بە لادانی نۆ بەرپرسی ئەمنی و کارگێڕی و رەوانەکردنی تۆمەتباران بۆ دادگا.

سەرچاوەیەکیش ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بە 964ی راگەیاند، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی بۆرییە نەوتییەکان، عەلی عەبدولکەریم موسەوی، لەسەر بنەمای دانپێدانانەکان لە بەردەم دادگا سەبارەت بە بوونی کارەکانی قاچاخچێتی لە جورف سه‌خر دەستگیر کراوە.