وەک رووداوەکەی پردێ لە دیالەش کارەسات روویدا
سێ منداڵ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران و پێنج کەسیش برینداربوون
کوردستان جەلال
وەک رووداوکەی پردێ لە دیالەش کارەسات روویدا و سێ منداڵ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران و پێنج کەسیش برینداربوون.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ناحیەی داروسەلام سەربە ناوچەی رەکەی حاجی سوهەیل لە پارێزگای دیالە، لەکاتی راوەدوونانی داواکراوێک، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە سێ منداڵ بەرکەوتوون و گیانیان لەدەستداوە، پێنج کەسی دیکەش برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
یاسر مالیکی وەزیری ناوخۆ فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ وردەکاریی ئەو رووداوە.
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، هێزەکانیان توانیویانە داواکراوەکە دەستگیر بکەن، بڕیاریشداروە بە دەستبەسەرکردنی ئەفسەرێک و 10 کارمەندی هێزی ئەمنی کە لە رووداوەکەدا تێوەگلاون.
رۆژی 27ـی مانگی 9ـی ئەمساڵیش لە پردێ دوو مێردمنداڵی کورد لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە شەهید کران، کاتێک بۆخۆیان دەیانگوت بەدوای چەند چەکدارێکی داعشەوە بوون.