سلێمانی

نه‌وته‌كه‌ی به‌غدا خه‌ریكه‌ ده‌گات و نه‌وتی بازرگانییش كه‌مێك دابه‌زی

دیلان محه‌مه‌دجه‌زا

بڕوا سابیر، نه‌وتفرۆشێكی سلێمانییه‌ و ده‌ڵێت، باوه‌ڕ ناكات نرخی نه‌وتی سپیی ماڵان نرخه‌كه‌ی وه‌ک پارساڵی لێ بێته‌وه‌ و ده‌ڵێت، بازاڕیش ئازاده‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ بڕیاره‌ رۆژی هه‌ینی بڕه‌نه‌وتی به‌غدا، كه‌ دابه‌ش ده‌كرێته‌ سه‌ر هاوڵاتیان بگاته‌ سلێمانی.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18.11.2026 له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی گه‌یشتنی نه‌وتی به‌غدا به‌ سلێمانی، نرخی به‌رمیلێک نه‌وتی سپی له‌ بازاڕ دابه‌زی بۆ 360 هه‌زار دینار، كه‌ پێش دوو رۆژ به‌ 380 هه‌زار بوو، پارساڵیش لەوکاتانە لەوپەڕی گرانیدا 180 هه‌زار بوو.

بڕوا سابیر بۆ 964 قسه‌ی كرد و ده‌ڵێت، خه‌ڵكی ئه‌وپه‌ڕی بیكڕن یه‌ک به‌رمیل ده‌كڕن، ئه‌گه‌رنا ئه‌ویتر به‌ نیو به‌رمیل و به‌ ده‌به‌ و جه‌لیكان ده‌یكڕن، به‌ داخیشه‌وه‌ ده‌ڵێت، “ئه‌مساڵ ساڵی ئێمه‌ نه‌بوو”.

به‌پێی زانیارییه‌كانی 964، كه‌ له‌ پارێزگاری سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌وت و كانزاكانەوە وه‌ریگرتووه‌، بڕیاره‌ دووسبه‌ی هه‌ینی، بڕه‌نه‌وتی سلێمانی له‌ به‌غداوه‌ بگات، كه‌ هه‌ر خێزانه‌ی 100 لیتر به‌ 31 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ی كه‌ دێت، به‌شی هه‌موو خه‌ڵكی ناكات.

هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌واڵه‌، ئه‌مڕۆ به‌شه‌نه‌وتی شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆک گه‌یشتن و بڕیاره‌ سبه‌ی ده‌ست به‌ دابه‌شكردن بكرێت، سه‌ره‌تاش له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كانه‌وه‌ دابه‌ش ده‌كرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا