هه‌ولێر

75%ی كاره‌كانی نەخۆشخانه‌ی تەندروستیی دەروونی ته‌واو بووه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

كاره‌كانی دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌ی ته‌ندروستیی ده‌روونی له‌ هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌ و پارێزگا ده‌ڵێت، 75%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌، خه‌رجی دروستكردنیشی له‌ لایه‌ن خێرخوازێكه‌وه‌ دابین كراوه‌.

پارێزگای هه‌ولێر به‌ ڤیدیۆیه‌ک، كه‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ئاماده‌ی كردووه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ زانیاریی نوێی له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێن، گه‌وره‌ترین نه‌خۆشخانه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌روونییه‌‌ له‌ ئاستی كوردستان و عێراقدا

وه‌ک له‌ زانیارییه‌كان هاتووه‌، له‌سه‌ر رووبه‌ڕووی 30.500 مه‌تر دووجار دروست ده‌كرێت، پرۆژەکە 200 تەختی خەواندن لەخۆدەگرێت، هه‌روه‌ها بە رێژەی 30% سەوزایی بونیاد دەنرێت.

پارێزگای هه‌ولێر ده‌ڵێت، ئێستا 75%ی کارەکانی تەواو بووە و پڕۆژه‌كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌، هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كی به‌خۆڕایی ده‌بێت.

كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌ هه‌لی كار بۆ 500 كه‌س له‌ پزیشك و په‌رستار و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی دابین ده‌كات.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، نه‌خۆشخانه‌كه‌ له‌ شه‌ش باڵه‌خانه‌ی دوو نهۆمی پێكدێت، كه‌ هه‌موو به‌شه‌ پێویسته‌كانی تێدا ده‌بێت و نه‌خۆشخانه‌كه هه‌روه‌ها‌ فێركاری ده‌بێت و خوێندكارانی پزیشكی سوودی لێوه‌رده‌گرن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا واده‌ی ته‌واوبوونی پڕۆژه‌كه‌ دیاریی نه‌كراوه‌.

پێشتر وەزارەتی تەندروستیی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، تێچووی دروستکردنی باڵەخانەی نەخۆشخانەکە لەلایەن کەسایەتیی خێرخوازی شاری هەولێر د. عوسمان نانەکەلی دابین کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەرکی دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان و بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکە دەگرێتە ئەستۆ.