حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق
وتەبێژی حکومەتی عێراق: رەنگە سوپای عێراق داغڵی ناوچەکانی هەرێم ببێت
کوردستان جەلال
وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، رەنگە سوپای عێراق داغڵی ناوچەکانی هەرێم ببێت و هەرکەسێک رێگری لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت بکات رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، دەڵێت، “هەر کەسێک رێگری لە لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی بە قاچاخبردنی نەوت بکات رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
وتیشی، “بۆ ئەو مەبەستە راپۆرتێک کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵگرییەوە ئامادە کراوە، داتای ورد و خوێندنەوەیەکی لەسەر بنەمای زانستی لەخۆگرتووە، لەبەر رۆشنایی ئەوەش سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی کەسایەتییەکی ئەمنی لە دەستەی حەشدی شەعبی”.
“رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران تەنها بەدواداچوونی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەیەکی دیاریکراودا ناگرێتەوە، بەڵکو سەرجەم ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە گومانی بەقاچاخبردنیان لێ دەکرێت و لە زاخۆوە تا بەسرە درێژ دەبنەوە، هەروەها سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە بە وەی سەرجەم تێوەگلاوانی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت رەوانەی دادگا بکرێن و دەستەی دەستپاکی رۆڵی خۆی بگێڕێت “، حەیدەر عەبودی وادەڵێت.
جەختیشی کردەوە کە “هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سەرکردایەتیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی زەیدی، توانای خۆیان بۆ پاراستنی خاکی عێراق و دابینکردنی ئاسایشی سامان و ژیانی گەلەکەی دەخەنەگەڕ”.
سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، عەبودی جەختی کردەوە کە “حکومەت بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکات، کە دەسەڵاتەکانی هەرێمی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا دیاری کردووە”.
وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بە بوونی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و وتی”هێزەکانی هەرێم بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ نوێنەرانی دەزگا ئەمنییەکان کە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە راسپێردراون بۆ شوێنپێهەڵگرتنی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت”.
ئاماژەی بە وەش کرد، “ئەگەری چوونەناوەوەی هێزەکانی سوپا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەیە”.