لە پەنجا عەلی کەرکوک
کێشەی موڵک نزیکەی 5000 ماڵی خستووەتە ناو نیگەرانییەوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
کێشەی موڵکایەتی لە گەڕەکی پەنجا عەلی لە شاری کەرکوک، نیگەرانییەکی فراوانی لەنێوان دانیشتووانی گەڕەکەکە دروست کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی کەسێک کە خەڵکی موسڵە داوای گەڕاندنەوەی 27 دۆنم زەوی دەکات لەو ماڵانە.
کە ئێستا ژمارەیەکی زۆر خێزانی تێدا نیشتەجێن.
بەپێی قسەی دانیشتووانی گەڕەکە بۆ 964، ئەم کێشەیە نزیکەی 5,000 ماڵی گرتووەتەوە و لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە 500 ماڵ ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە، هەروەها سکاڵا لەسەر 30 خێزان تۆمار کراوە.
یوسف کەریم، دانیشتووی گەڕەکە، دەڵێت، خێزانەکانی ئەم ناوچەیە لە ئاوارەبوونی ساڵانی رابردوودا زیانی زۆریان بینیوە و دوای گەڕانەوەیان لە ساڵانی دواتر، لەم زەوییانەدا نیشتەجێ بوون، بە وتەی ئەو، داواکاریی ئەو کەسە بۆ چۆڵکردنی خانووەکان پشت بە بەڵگەنامەیەکی ساڵی 1985 دەبەستێت، کە بە دیاری بە باوکی دراوە.
لە لایەکی ترەوە، موڕاد رەشید، دانیشتووی گەڕەکە، باس لەوە دەکات کە هەندێک لە دانیشتووان بانگ کراون بۆ بنکەی پۆلیس و فشاریان لەسەر دروست کراوە بۆ واژۆکردنی بەڵێنامە، هەروەها ئاماژەی بە دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەندێک لە خاوەن ماڵەکان کردووە.
لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی تایبەت لە پۆلیسی کەرکووک بە 964ی ڕاگەیاند، زەوییەکە بەناوی کەسێکی عەرەبی خەڵکی موسڵ تۆمار کراوە، کە لە سەردەمی سەدام حوسێندا فەرماندەی فیرقەیەکی سوپا بووە.
بە وتەی سەرچاوەکە، ئێستا وارسی ئەو کەسە لە رێگەی پارێزەرێکەوە بەدوای مافەکەیەتی و سکاڵای یاسایی لەسەر هەندێک لە دانیشتووان تۆمار کردووە، سەرچاوەکە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە پۆلیس بە پێی فەرمانەکانی دادگا رێکاری یاسایی جێبەجێ دەکات و ئەم کێشەیە پێشتر بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن هەندێک لە بەرپرسانی شارەوە چارەسەر کرابوو، بەڵام چارەسەرێکی یاسایی و کۆتایی بۆ دۆسیەکە نەدۆزرابوەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا