"خەڵاتێکی خوای گەورە بوو"

ماڵەکەی پڕبووە لە قوڕ و لیتە و هێشتا بۆی پاک نەکراوەتەوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

دانیشتوویەکی گەڕەکی شێخ ئەحمەد لە هەولێر هێشتا ماڵەکەی بۆ پاک نەکراوەتەوە و دەڵێت، پڕبووە لە قوڕ و لیتە و کاتی زۆری دەوێ.

ئەرسەلان گۆرەزە شەوی لافاوەکە لە ماڵ نەبووە و کوڕەکانی تەلەفۆنیان بۆ کردووە و پێیان وتووە ماڵەکەت پڕبووە لە ئاو، کاتێک هاتووەتەوە بەسەر ماڵێکی ژێرئاو کەوتوودا کەوتووە، ئەو شوکرانەبژێرە و دەڵێت، “ئەگەرچی هیچمان بۆ دەرنەچووە، بەڵام خەڵاتێکی خوای گەورەیە و رازین بە قەدەری خوا”.

ئێوارەی رۆژی شەممە 7.11.2026 شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ رووی لە هەولێری پایتەخت کرد و لەناو بازاڕ و زۆربەی گەڕەکەکان لافاو دروستبوو، گەڕەکی شێخ ئەحمەد لەو گەڕەکانە بوو کە زۆرترین زیانی بەرکەوەت، جگە لە زیانە ماددییەکان و لەناوچوونی سەدان ئۆتۆمبێل و خانوو، منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ و گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ لە لافاوەکەدا خنکان و گیانیان لەدەستدا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری