"نازانین مناڵەکانمان بەچی گەرم بکەینەوە"
600 خێزانی خورماتوو نەوتیان پێنادرێت و ناڕەزایەتییان دەربڕی
سیروان خورشید – خورماتوو
600 خێزانی دانیشتووی خورماتوو ئەمساڵ بێبەش کراون لە وەرگرتنی بەشە نەتی مانگانە و بەهۆیەوە ژمارەیەک لەو خێزانانە لە نزیک قایمقامیەتی قەزاکە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
هەرچەندە ئەو خێزانانە لە دانیشتووانی رەسەنی قەزاکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمساڵ سیستمی دابەشکردنی نەوت لە فۆرمی خۆراکەوە گۆڕدراوە بۆ کارتی نیشتمانی و بەپێی رێنماییە تازەکەش، هەر کەسێک شوێنی لەدایکبوونی کە لە پشت کارتی نیشتمانییەکی نووسراوە، دەرەوەی پارێزگای سەڵاحەدین بێت، ئەوا نەوتی پێنادرێت.
بەشێک لەو هاوڵاتیانە قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێن، “بەڕاستی سەرمان لێ شێواوە و نازانین نەوت لە کوێ بێنین، بۆ ئەوەی مناڵەکانمانی پێ گەرم بکەینەوە”.
لەسەر ئەو کێشەیە 964 قسەی لەگەڵ مەلا یاسین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین کرد، ئەو وتی، کێشەکە سەرتاسەریە و لە هەموو عێراقدا هەیە، بەدواداچوون دەکەن و کاربەدەستانی سەڵاحەدین بەڵێنیان داوە بە زووترین کات کێشەکەیان چارەسەر بکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری