ترەمپ:

بەمزوانە بڕیار لەبارەی هێرش بۆ سەر ئێران دەدەم

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەمزوانە بڕیار لەبارەی هێرشکردنە سەر ئێران دەدات

دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکمجار لەدوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا کۆبوویەوە و لەدوای کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، “نامەوێت تەواوی ئێران لەناوببەم، بەڵام ئەگەر ناچاربم ئەنجامی دەدەم، بەمزوانە دەزانن.”

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئێستا ترەمپ سێ بژاردەی لەبەردەمە، ئەوانیش: هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران، بەردەوامیدان بە خنکاندنی ئێران لەرێگەی ئابوورییەوە، یان رێککەوتن لەگەڵ تاران کە سازشی گەورەی تێدایە بۆ ئێرانییەکان.

لەلایەکی دیکەوە نێوەندگیرانی قەتەر بەردەوامن لە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێرانییەکان و کۆشکی سپی لەبارەی پێشنیازێک کە داوا لە هەردوولا دەکات هەنگاوی جیدی بنێن بۆ بنیادنانی متمانەیەکی هاوبەش تاوەکو رێککەوتنێکی فراوانی لێوە بەرهەم بێت.

هاوکات ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە رایگەیاند، تاران لەڕێی قەتەرەوە پێشنیازێکی ئەتۆمی ئاراستەی واشنتن کردووە، بەڵام بۆ هەر گفتوگۆیەک لەبارەی ئەو پێشنیازەوە دەبێت ئەمریکا حەوت مەرجە پێشوەختەکەی تاران جێبەجێ بکات.