لە دەڤەری راپەڕین

ژمارەیەک تاقیگەی تەندروستی کەرتی تایبەت داخران

شۆڕش قادری

ژمارەیەک تاقیگەی تەندروستی کەرتی تایبەت لە دەڤەری راپەڕین داخران و سزا دران.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین، ئەمڕۆ سێشەممە 3.11.2026 لیژنەکانیان لەگەڵ نوێنەرانی ئاسایش و  داواکاری گشتی، چەند تاقیگەیەکی پزیشکی ناو سەنتەری شاری رانیە، چوارقوڕنە، حاجیاوا، کفرەدۆڵ و سەرکەپکانیان بەسەرکردووەتەوە.

لەو هەڵمەتەدا لە نزیکەوە بەدواداچوون و پشکنین ئەنجام دراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی تەواوی مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان، چەند تاقیگەیەک دوایین ئاگادارکردنەوەیان پێدرا و چەند دانەیەکیشان داخران و سزا دران وەک ئەمانەی خوارەوە؛

1-تاقیگەی ئیلیا لە کفرەدۆڵ؛

بڕیاری داخستنی درا بەهۆی پابەندنەبوون و جێبەجێ نەکردنی  رێنمایی و مەرجە تەندروستیەکان تا کاتی نەهێشتنی تەواوی سەرپێچی و کەموکوڕییەکان.

2-تاقیگەی حسێن لە حاجیاوا؛

بڕیاری داخستنی درا بەهۆی پابەندنەبوون و جێبەجێ نەکردنی  رێنمایی و مەرجە تەندروستیەکان تا کاتی نەهێشتنی تەواوی سەرپێچی و کەموکوڕییەکان.

3-تاقیگەی ئاشتی لە سەرکەپکان؛

بڕیاری داخستنی درا و رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر بەرامبەری بەهۆی سەرپێچی یاسایی و پابەندنەبوون و جێبەجێ نەکردنی  رێنمایی و مەرجە تەندروستییەکان تا کاتی نەهێشتنی تەواوی سەرپێچی و کەموکوڕییەکان.

4-تاقیگەی رابەر لە چوارقوڕنە؛

بەهۆی پابەندنەبوونی بە مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان بڕیاری غەرامە (پێبژاردنی) درا  بۆ جێبەجێکردنی تەواوی مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان و چاککردنی کەموکوڕییەکان.

تەندروستی راپەڕین دەشڵێت، لەپێناو تەندروستی هاوڵاتیان، لیژنەکانیان بەردەوام دەبن لە پشکنین و بەدواداچوون بۆ سەرجەم شوێن و مەڵبەند و ناوەندە تەندروستییەکانی کەرتی تایبەت.