کەشتی لۆگۆس هۆپ بە هەزاران کتێبەوە لە بەسڕە وەستا

964+

فەهمی نەبی

کەشتی لۆگۆس هۆپ کە هەزاران ناونیشانی کتێبی زانستی هەڵگرتبوو، لە کەنارە ئاويیەکانی پارێزگای بەسڕە وەستا و لە ماوەی 14 رۆژی داهاتوودا، خوێندکارانی زانکۆ و هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایە دەتوانن بچنە سەر کەشتییەکە کتێب بخوێننەوە و بیکڕن.

کەشتی LOGOS HOPE لە ساڵی 1973 لە ئەڵمانیا دروستکراوە، بۆ ماوەی 10 ساڵ لە نێوان ئەڵمانیا و سوێد ئۆتۆمبێڵی گواستووەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2009-ەوە، کراوە بە کەشتی گەڕۆک بۆ چالاکی رۆشنبیریی گشتی بەکاردێت، لەو ساڵەوە چالاکی رۆشنبیری و ڤیستیڤاڵی تێدا ئەنجام دەدرێت، هەر ماوەیەک لە وڵاتێک دەوەستێت.

ئەمڕۆ 28.3.2023 وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، هەواڵی هاتنی ئەو کەشتییەی بۆ کەنارەئاوییەکانی شاری بەسڕەی راگەیاند.

وا بڕیارە ئەو کەشتیە 14 رۆژ لە بەسڕە بمێنێتەوە.

لەسەر کەشتییەکە جگە لە چالاکی رۆشنبیری و نمایشی شانۆ و پێشانگە، هاوکات هەزاران ناونیشانی کتێبی زانستی هەیە، کە خوێندکاران دەتوانن بیخوێننەوە یان بیکڕن.

کەشتییەکە تا ئێستا لە 162 وڵات وەستاوە و چالاکی ئەنجامدراوە، شوێنی 442 کەس دەبێتەوە.

بەشی کتێبخانەی کەشتییەکە هەزار و 100 مەتر سێجا دەبێت، ژمارەی سەردانیکەرانی تا ساڵی 2022 زیاتر بووە لە نۆ ملیۆن کەس، زیاتر لە 10 ملیۆن کتێبی فرۆشتووە.

لێرە دەتوانیت بەشی ناوەوەی کەشتیەکە ببینیت.