لە ئاسن دروستکراو
دوکانێکی سێ مەتری لە سلێمانی ئۆتۆمبێلی 50 وەرەقەیی تێدایە
رازاو محەمەد- سلێمانى
لە رووکەشدا وادەردەکەوێت تەنیا دوکانێکی سادەی یاریی منداڵان بێت، بەڵام کاتێک لە نرخەکان دەپرسیت، دەردەکەوێت کە هەندێ لە ئۆتۆمبیلەکان لە ئۆتۆمبێلى گەورە نرخەکەیان زیاترە.
ئەحمەد فەرەیدون، خاوەن پێشەنگاى تایبەتى ئۆتۆمبێلە بچوکە لە ئاسن دروستکراوەکانە، قسەى بۆ 964 کرد و باس لە دوکانە بچوکەکەى دەکات کە 300 ئۆتۆمبێلى ئاسنى بچوکى لە خۆى گرتووە، وەک دەڵێت: لە دەبابە و شۆفڵەوە تاوەکو گەڵابە، تەنکەر، تەکسی، ماتۆڕسکیل و نوێترین مۆدێلەکانی مارسیدسى تێدایە.
ئەحمەد دەڵێت، ئەمە تەنیا یاریی دەستی منداڵان نییە، بەڵکو خولیای کۆکەرەوەکان و ئەو کەسانەیە کە سەرسامی وردەکاریی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلن.
“ئۆتۆمبێلی وامان هەیە بەهۆی ئەسڵیی مۆدێلەکەی و دەگمەنییەکەیەوە نرخەکەی 50 وەرەقەیە و دەخرێتە ناو زەرفێکەوە، سروشتییە ئەم جۆرەیان لە توانای هەموو خێزانێکدا نییە بۆ منداڵەکەی بکڕێت.” ئەحمەد واى وت.
وەک باسى دەکات، زۆرینەی کڕیارەکانیان ئەوانەن کە حەز دەکەن کۆپییەکی بچووککراوەی ئەو ئۆتۆمبێلە بکڕن کە خۆیان لە واقیعدا لێیدەخوڕن و لەسەر مێزی کارەکەیان یان ناو ئۆتۆمبێلەکەیان دایدەنێن. هاوکات زۆر منداڵیش کاتێک سەیارەی باوکیان دەبینن، دەست بۆ هەمان
جۆر و هەمان رەنگ رادەکێشن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح