عەلى زەیدى، سەرۆک وەزیرانى عێراق:
نرخى 100 دۆلار بۆ خوار 155 هەزار دینار دادەبەزێنین
964+
وریا فەتاح
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، حکومەتەکەی کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ ئەوەی نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکاندا بۆ 155 هەزار دینار یان کەمتر داببەزێنێت، ئەمەش لە رێگەی زیادکردنی هاوردەی دۆلاری نەختینە (کاش) لە ئەمریکاوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا زنجیرەیەک لێدوانی هەستیاری لەبارەی پرسی چەک، کشانەوەی هێزە بیانییەکان، دۆخی شنگال و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان خستەڕوو، و رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە مەترسیی گەمارۆیەکی نێودەوڵەتی رزگار کردووە و تا ساڵی 2027 کۆتایی بە دیاردەی چەکداری لە دەرەوەی دەوڵەت دەهێنرێت
لەبارەى دۆلارەوە، عەلى زەیدى روونى کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە نرخی 100 دۆلار بگەڕێننەوە بۆ 155 هەزار دینار یان کەمتر، تاوەکو کۆتایی بەو جیاوازییە گەورەیە بهێنرێت کە لە نێوان نرخی فەرمیی بانک و نرخی بازاڕی ڕەشدا هەیە.
وتیشى،”لەئێستادا دابینکردنی دۆلاری نەختینە لە 140 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 500 ملیۆن دۆلار (نیو ملیار) لە مانگێکدا بەرزکراوەتەوە، هەروەها کار دەکرێت گەیشتنی پارەی کاش لە ئەمریکاوە بگەیەنرێتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار لە مانگێکدا. ئامانجی کۆتاییش ئەوەیە لە چەند قۆناغێکدا بڕی نەختینە بگاتە 2.5 ملیار دۆلار”.
زەیدى ئاشکرای کرد، نیگەرانی و ترسی لایەنی ئەمریکی لە گەیشتنی دۆلار بە دەست “گروپە چەکدارەکان”، هۆکاری سەرەکی بووە بۆ کەمبوونەوەی هاتنی دۆلاری کاش بۆ عێراق لە ماوەی ڕابردوودا.