سێ ملیۆن مامەڵەی پارەدان بە ئەلکترۆنی کراوە
مۆبایلێک بەسە بۆ ئەوەی هەموو ئیشەکانت لای حکومەت رایی بببێت
ئەحمەد شەمزین
پرۆژەی ئی-پسوولە رایگەیاند تا ئەمڕۆ 3 ملیۆن مامەڵەی پارەدان بە دیجیتاڵی کراوەو هەتا ساڵی 2028 پارەدان لە دامودەزگاکانی حکومەت 90%ی دەبێت بە دیجیتاڵی.
محەمەد هەوار سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئی-پسوولە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بە 964ی راگەیاند بەرەوپێشچوونێکی زۆر لە کارەکانی ئی-پسوولە روویداوە، بانکی ناوەندی عێراق بە فەرمی دانی بە پرۆژەکەدا ناوەو وادەکەن وردە وردە هەموو پارەدانەکان ببێ بە ئەلکترۆنی.
ئی-پسوولە سەکۆی پارەدانی دیجیتاڵی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئێستا پارەی پرۆژەی رووناکی و خزمەتگوزاری شارەوانی خەڵک دەتوانن لە رێی ئەو سەکۆیەوە بیدەن، هەر یەکێک لە جزدانە دیجیتاڵییەکانیان یان ماستەر کاردو ڤیزا کاردیان هەبێ پارەی پێ دەدرێ.
محەمەد هەوار دەڵێت تائێستا 400 هەزار کەس ئی-پسوولەیان بەکارهێناوەو لەم ماوەیەدا 3 ملیۆن مامەڵەی پارەدان بە دیجیتاڵی کراوەو پلانەکەش ئەوەیە تا 2028 زۆربەی پارەدانی حکومی لە رێی ئی-پسوولەوە بدرێت.