1000 پۆلیس بریندارن
پاریس و خۆپیشاندان و یارییەکەى بارسا تێکەڵاوى یەکترى دەبن
بڵند عەلى – لەندەن
دۆخی ئەمنی و شەقامەکانی فەرەنسا بەهۆی گرژیی خۆپیشاندانەکانەوە بەرەو ئاڵۆزییەکى مەترسیدار دەچێت. پێکدادانی توند لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویداوە و حکومەتیش دەڵێت: دەستى دەرەکى لەپشتە.
لە ئەنجامی گرژییەکاندا نزیکەى 1000 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس بریندار بوون، کە باری تەندروستیی 8 لەو کارمەندانە زۆر سەختە. لە بەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەکان تەنیا دوێنێ زیاتر لە 1200 خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە.
ئەم شەپۆلە توندەی دەستگیرکردن و برینداربوونە دوای ئەوە هات کە خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر چەندین دامەزراوەی حکومی، دوکان و بانکەکان و زیانێکی زۆریان پێگەیاندن. ئەم کارانە حکومەتی فەرەنسای زۆر تووڕە کردووە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە کە “دەستی دەرەکی” تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکان بووە بۆ تێکدانی وڵاتەکە.
لەبارەی پێشهاتە نوێیەکانی گۆڕەپانەکەوە، بڵند عەلی، بەرپرسی ئۆفیسی 964 لە بەریتانیا، باسی لە قوڵبوونەوەی خۆپیشاندانەکان کرد و رایگەیاند: “دۆخەکە قورستر دەبێت، چونکە ئێستا سەندیکای کرێکارانیش هاتوونەتە سەر شەقام و چوونەتە ریزی خۆپیشاندەرانەوە، ئەمەش پاڵەپەستۆیەکی زۆر گەورەتری خستووەتە سەر حکومەت.”
سەرباری دۆخە نائاساییەکە، بڕیارە یارییە لوتکەکەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە نێوان هەردوو یانەی پاریس سان جێرمان و بەرشەلۆنە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا لەناو پایتەختی فەرەنسا بەڕێوە بچێت و هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی نەدراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح