بەخیرایى بەرز بووەوە

نرخى بەرمیلێک نەوت بەرەو 110 دۆلار هەنگاو دەنێت

964+

وریا فەتاح

لەناکاوێک، نرخى نەوت لە بازاڕى وزەى جیهانیدا بەرە و بەرزبوونەوە هەنگاوینا،بە جۆرێک نرخی نەوتی خاوی تەکساس بەربەست 100 دۆلاری شکاند و نەوتی برێنتیش نزیک بووەتەوە لە 110 دۆلار.

بەپێی نوێترین داتاکانی بازاڕی وزە، گۆڕانکارییەکان بۆ ئەم دوو جۆرە نەوتە سەرەکییە بەم شێوەیەن:

نەوتی برێنت: بەڕێژەی 3.16% بەرزبووەتەوە (واتە 3.35 دۆلار چووەتە سەر هەر بەرمیلێک) و نرخەکەی گەیشتووەتە 109.3 دۆلار.

نەوتی تەکساس (WTI): بەڕێژەی 2.90% بەرزبووەتەوە (واتە 2.84 دۆلار چووەتە سەر هەر بەرمیلێک) و نرخەکەی گەیشتووەتە 100.8 دۆلار.

ئەم بەرزبوونەوەیەى نرخی نەوت، دوو هۆکاری جیۆپۆلەتیکی و ئابووریی زۆر بەهێزى لە پشتن کە ئەمانەن:

1. مەترسییەکانی جەنگی ئێران:
هۆکاری سەرەکی ئەم ترسە و کڕینی خێرای نەوت لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەڕەشە و سەرهەڵدانی جەنگێکی نوێ کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە. هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا راستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا، ئەمەش وایکردووە بازرگانان ترسیان لێ بنیشێت و پێشوەختە نەوتێکی زۆر بکڕن، کە ئەمەش راستەوخۆ نرخەکەی فڕاندووە.

2. قەیرانی خنکێنەری غاز و وزە لە ئەوروپا:
هۆکاری دووەم ئەو قەیرانە گەورەیەی غازە کە بەرۆکی ئەوروپای گرتووە. بەپێی راپۆرتەکان، نرخی وزە هێندە بەرزبووەتەوە کە چەندین کۆمپانیای دابینکردنی کارەبا لە ئەڵمانیا ناچار بوون بازاڕەکە جێبهێڵن. لە لایەکی دیکەشەوە، نەبوونی غاز وایکردووە وڵاتانی ئەوروپا دووبارە پەنا ببەنەوە بۆ سووتاندنی خەڵووز.