نازم عەبدوڵا، سەرۆکى کۆمەڵەى کێڵگە پەروەرییەکان:

بڕیارى هەڵگرتنى باج لەسەر هێڵکە و مریشکى بەستوو زیان بە بەرهەمى ناوخۆ دەگەیەنێت

964+

وریا فەتاح

دواى بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار بۆ 152 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک، حکومەتى عێراق بۆ ئەوەى رێگرى بکات لە بەرزبوونەوەى نرخى هێلکە و مریشک، باجى لەسەر هەڵگرتن، بەڵام ئەوە لە زیانى کێڵگە پەلەوەرییە خۆماڵییەکانە و بە زیان پێناسەى بڕیارەکە دەکەن.

نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان هۆشداری دەدات لەوەی کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمێنان و کۆسپەکانی بەردەم هەناردەکردنی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەرەو لەناوچوون دەچێت.

سەرۆکی کۆمەڵەکە لە بەیاننامەیەکدا کە ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، رەخنە لە بڕیاری هەڵگرتنی باج لەسەر هێلکە و مریشکی بەستووی هاوردە دەگرێت و دەڵێت: “لە جیاتی کارئاسانی بۆ بەرهەمی ناوخۆ، دەرگایان بۆ هاوردە کراوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرهەمی ناوخۆ تەنها کاڵایە کە نرخەکەی بەرز نەبووەتەوە.”

نازم عەبدوڵا، داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات کارئاسانی بۆ هاتنی مریشکی زیندووی هەرێم بکات بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور، وەک ئەوەی دەستوور رێگەی پێداوە عێراق وەک “سەبەتەیەکی خۆراکی یەکگرتوو” مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک رۆژانە لە بازگەکاندا رێگری لە بارهەڵگرەکان بکرێت. هەروەها داوا دەکات باج لەسەر عەلەف و پێداویستییەکانی کێڵگەکان هەڵبگیرێت.

لە 964یشەوە سەرۆکی کۆمەڵەکە داوا لە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، دارایی، بازرگانی و پلاندانانی هەرێم دەکات بەزوویی بەدەم کێشەکانیانەوە بچن، بەتایبەت “گرانیی نرخی دۆلار” کە نرخی سوتەمەنی، غاز، عەلەف، ڤاکسین و جوجکەی بەرزکردووەتەوە و خاوەن کێڵگەکانی ناچارکردووە دەست لە کارکردن هەڵبگرن.

“ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێن، لە داهاتوودا بەرهەم کەم دەبێتەوە و نرخی مریشک بەرزدەبێتەوە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم وەک چۆن تا ئێستا پشتیوانیی کردووین، هاوکارمان بێت لە دابینکردنی سوتەمەنی و دۆزینەوەی بازاڕی ساغکردنەوە.” نازم عەبدوڵا وا دەڵێت.