"بازرگانان زیان دەکەن"

ژووری بازرگانی سلێمانی داوا دەکات حەواڵەی بازرگانان بە نرخی پێشوو ئەنجام بدرێت

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

ژووری بازرگانی سلێمانی داوا دەکات حەواڵەی بازرگانان بە نرخی 1320 دینار ئەنجام بدرێت تاوەکو لە مامەڵەکانیاندا تووشی زیان نەبنەوە.

ژووری بازرگانی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ هەیە و نرخی شمەک و کاڵاکان بەرز دەکاتەوە، ئەمەش زیان بە هاووڵاتییان و بازرگانان دەگەیەنێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “بەشێک لە بازرگانان پێش دەرچوونی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار مامەڵەی بازرگانییان ئەنجامداوە و مامەڵەکانیان دەستی پێکردووە، بەڵام هیشتا مامەڵە بانکییەکانیان تەواو نەکراوە و پڕۆسەی حەواڵەکردنی پارەکانیان تەواو نەبووە، بۆیە داوا دەکەین بۆ ئەو جۆرە مامەڵانە رێکارێکی تایبەت دابین بکرێت و حەواڵەکانیان بە نرخی پێشووی دۆلارە، واتە 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک ئەنجام بدرێت.”

دەقی بەیاننامەکەی ژووری بازرگانی سلێمانی:

زیادکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی لەلایەن بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراقەوە، دەتوانێت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر بازاڕ، بژێوی هاوڵاتیان و بارودۆخی دارایی بازرگانان هەبێت.
لە ئاستی هاوڵاتیاندا، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بە تایبەتی کاریگەری لەسەر نرخەکانی کاڵا و شمەکە هاوردەکراوەکان دەبێت و دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی هاوڵاتیان و زیادبوونی بارگرانییەکانیان.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بە مەبەستی پاراستنی هاوسەنگی بازاڕ و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم بڕیارە لەسەر هاوڵاتیان و بازرگانان، بەردەوام داوای پاراستنی جێگیری و هاوسەنگی لە نرخی دۆلار دەکات.
لە هەمان کاتدا، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، پشتیوانی لە ماف و داواکارییە ڕەواکانی بازرگانانی هاوردەکارە.
بە تایبەتی ئەو بازرگانانەی پێش دەرچوونی بڕیارەکە کاڵاکانیان کڕیوە و مامەڵەکانیان دەستی پێکردووە، بەڵام هێشتا مامەڵە بانکییەکانیان تەواو نەکراوە یان پرۆسەی حەواڵەکردنی پارەکانیان تەواو نەبووە.
لێرەوە داوا دەکەین بۆ ئەم جۆرە مامەڵانە، ڕێکارێکی تایبەت دابین بکرێت و حەواڵەکانیان بە نرخی پێشووی دۆلار، واتە ١٣٢٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک، ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی بازرگانانی کە پێش بڕیارەکە مامەڵەکانیان کردووە، تووشی زیانی دارایی نەبن.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ڕێگەی هەموو کەناڵ و پەیوەندییە فەرمییە بەردەستەکانییەوە، بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو کە لە یەک لایەنەوە باری دارایی لەسەر هاوڵاتیان کەم بکاتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە زیان لە بازرگانانی ناوخۆ نەگەیەنێت.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکات، بە ئومێدی گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی گونجاو و دادپەروەرانە بۆ بازرگانان و پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان.