چی ده‌كه‌ن؟

“په‌رله‌مانی عێراق قسه‌ی خۆی له‌سه‌ر نرخی نوێی دۆلار ده‌بێت”

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

پەرلەمانتارێكی عێراق ده‌ڵێت، پەرلەمان له‌سەر دەستکاریکردنی نرخی دۆلار لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا قسه‌ی خۆی ده‌بێت و دژایه‌تی خۆشی بۆ بڕیاره‌كه‌ ده‌ربڕی.

ئیبتیسام ئه‌لهیلالی په‌رله‌مانتاری عێراقی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یاندراوێكی رۆژنامه‌وانیدا، كه‌ ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، رایگه‌یاند، په‌رله‌مان بە راوێژ لەگەڵ حکومەت، بۆ سنووردارکردنی نرخی دۆلاری بازاڕی ڕەش، قسه‌ی خۆی ده‌بێت، ئه‌مه‌ش دوای بڕیاره‌ سەرسوڕهێنەرەکەی حکومەت بۆ گۆڕینی نرخی فەرمی. په‌رله‌مانتاره‌كه‌ بڕیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلاری رەتکرده‌وه‌ و هۆشداریشی دا لە کاردانەوەی راستەوخۆی لەسەر نرخی كه‌لوپه‌ل و بژێوی هاوڵاتیان.

“بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی، کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان و بازاڕی عێراق دەبێت”، ئه‌مه‌ قسه‌ی ئه‌لهیلالییه‌.

راشیگەیاند، “سەرسام بووین بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ گۆڕانکاری و بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بە لەبەرچاوگرتنی کاردانەوەی دەرەنجام و کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر ئابووری و بازاڕی عێراقدا”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئێمە ئەم بڕیارە رەتدەکەینەوە، ئەگەر حکومەت بەنیازی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی بووایە، دەبوو رێژەکەی بە 1400 دینار بۆ هەر دۆلارێک دابنێت، یان کەمتر، بۆ ئەوەی بازاڕ کۆنترۆڵ بکات و ڕێگری بکات لە کاریگەری لەسەر نرخی خۆراک کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان هەبێت”.

شه‌وی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا نرخی دۆلاری بەرامبەر دینار دیاریی کرد و بەپێی بڕیارەکە، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی 150 هەزار دینارە بەرامبەر هەر 100 دۆلارێک، نرخی فرۆشتنی بە بانکەکانیش 151 هەزار و فرۆشتنیشی بە هاوڵاتییان 152 هەزار دینارە، ئه‌م بڕیاره‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ په‌سند كرا و ئه‌مڕۆش بازاڕی دراو له‌ عێراق و كوردستان گڕی گرت و نرخی 100 دۆلار له‌ بۆرسه‌دا گه‌یشته‌ 168 هه‌زار دینار.