موچە کێشەی نابێ

یەدەگی بانکی ناوەندی کورتهێنانی بودجە پڕدەکاتەوە

ئەحمەد مستەفا

لە کاتێکدا چاوی زۆرێک لە فەرمانبەران لەسەر دۆخی موچە و بارودۆخی دارایی وڵاتە، لیژنەی دارایی لە پەرلەمان ئەمڕۆ سێشەممە رایانگەیاند، کورتهێنان بە یەدەگ پڕدەکەنەوە و جەختیان لە دەستەبەرکردنی موچەکان کردەوە.

لە پڕۆژە بودجەی 2027، پێشنیاری نوێی حکومەت بۆ کۆی خەمڵێندراو بە 217 تریلیۆن دینار جێگیرکراوە و ئەو کورتهێنانەی رەنگە رووبدات، بە نزیکەی 40 بۆ 50 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە.

ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاندووە، یەدەگێکی دارایی لە بانکی ناوەندی هەیە و دەتوانرێت لە کاتی هەر کورتهێنانێکدا بۆ دابینکردنی پێویستییەکان بەکاربهێنرێت.

بەپێی قسەکانی ئەو، دۆخی ئابووریی دەوڵەت دەستی بە بەرەوپێشچوون کردووە، بە تایبەتی لە بواری فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوت.

دلیمی هەروەها ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە نیویۆرک کرد و وتی ئەو دیدارانە رەنگە ببنە هۆی نزیکبوونەوە لە چارەسەری هەندێک کێشەی دارایی.

لە هەمان کاتدا، وتی کۆمپانیاکانی نەوت بەرپرسیاری مەترسییەکانی هەناردەن و بە پێی مەترسییەکان، نرخی هەر بەرمیلێک لە 15 تا 30 دۆلار کەم دەکرێتەوە.