ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامە
هێزەکانی یەمەن و هاوپەیمانان بابولمەندەبیان رزگار کرد
964+
پەری ساڵح
پێویست ناکات لەملا بۆ ئەولا بەدوای هەواڵەکانی یەمەنەوە بن، ئەوەی روویدا کورت و پوخت لێرەوە بیزانە:
📌بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی عەرەبی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان بە ناوی “فەجری یەمەن” راگەیاند بۆ بەئامانجگرتنی تواناکانی حوسییەکان.
📌100 فڕۆکەی جەنگی لە هێرشەکاندا بەشدارییان کرد، کە تێیدا 324 ئامانجی گەورەی حوسییەکان تێکشکێنران.
📌دواتر هێزەکانی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی دەوریدانیان لە بەرەی کەناراوەکانی رۆژئاوا ئەنجام دا، و رێگەی سەرەکیی نێوان زووباب و موخایان بڕی و کۆنترۆڵیان کرد.
📌بەردەوام بوون هێرشەکان تا هێزە حکومییەکان کۆنترۆڵکردنی زووباب و فڕۆکەخانەکەیان راگەیاند.
📌دوای گرتنی ناوچەکە، هێزە حکومییەکان سەپاندنی کۆنترۆڵی تەواوی خۆیان بەسەر تەنگەی ستراتیژیی بابولمەندەبدا راگەیاند و داوایان لە چەکدارەکانی حوسی کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن، هاوكات راگەیەندرا هەندێک لە چەکدارانی حوسی بە بەلەم لەرێگەی دەریاوە هەڵهاتوون.
📌وەزارەتی بەرگریی سعودیە و وتەبێژی هاوپەیمانیی پاڵپشتیی رایانگەیاند کە چاودێری و پاراستنی ئاسمانی بەردەوام (24 کاتژمێری) بۆ تەنگەی بابولمەندەب و ئامانجەکان دابین دەکەن.
📌ئۆپەراسیۆنەکە فراوانتر بوو؛ لە بەرەی باکووری حەججە (ناوچەی حەرەز) هێرشی بەرفراوان دەستی پێکرد، و لە بەرەی باشووری مائریبیش هێزە حکومییەکان هەردوو ناوچەی “فولەیحە” و “قەرون بوور”یان کۆنترۆڵ کرد.
📌هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەفەرمی دەستپێکردنی “هێرشێکی ستراتیژی”یان بۆ سەر سەنعا راگەیاند و ئاماژەیان بەوە کرد کە چەکی پێشکەوتوو و توانای نوێ لەم هێرشەدا بەکاردەهێنن.
📌 ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هێرشێکی هەمەلایەنە لە جەبهەکانی رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوای یەمەنەوە بەرەو دروستکردنی گوشاری تەواو لەسەر حوسییەکان.