چەند پەرلەمانتارێکی بەریتانیا بۆ 964:
“قەرزاری کوردین و دەبێت پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکەین”
بڵند عەلی
چەند ئەندام پەرلەمانێکی بەریتانیا کورد بە هاوپەیمان و هاوبەشی سەرەکیی وڵاتەکەیان دەزانن و داوا دەکەن، پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 29.9.2026 لە شاری لیڤەرپوڵ کۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی کار بەڕێوەچوو، جۆن سلینگەر پەرلەمانتاری بەریتانیا بە 964ـی وت، پێشوازی لە خەڵکی هەموو وڵات و پاشخانە جیاوازەکان دەکەین بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوەی بەریتانیا، بەو مەرجەی بەڕاستی خزمەت بە وڵات بکەن، کۆمەڵگەی کوردیش بەشێکی زۆر گرنگی ئەم کۆمەڵگەیەیە و شانازییان پێوە دەکەین”.
“باش دەزانم پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ کوردی عێراق چەندە گرنگە، گرنگە بەریتانیا ڕرۆڵی وڵاتێکی گەورە بگێڕێت، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ، لەوانەش هەرێمی کوردستان، کار بکات بۆ هێورکردنەوەی کێشەکان”، جۆن سلینگەر وادەڵێت.
هاوکات عەبدی دوالێ ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کار وتی، “دەبێت پارتەکەم پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکات، کورد هاوپەیمانێکی زۆر باشی بەریتانیایە و ساڵانێکی زۆرە لەگەڵماندا بوون، بۆیە مافی خۆیانە پشتیوانییان بکەین و ئێمە قەرزاریانین کە پشتیوانیان بین تا خۆیان بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری