لەناویان بردن

دەستبەسەرگرتنی 120 ماسی خراپ بوو لە کۆیە

ئەحمەد مستەفا

بڕێکی زۆر ماسی خراپ و نەگونجاو بۆ خواردن، لە قەزای کۆیە دەستی بەسەرداگیرا، پێش ئەوەی بگاتە سەر سفرەی هاوڵاتییان.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی قایمقامیەتی قەزای کۆیە، لە ئەنجامی چاودێری و بەدواداچوونی لیژنە هاوبەشەکان و لیژنەی ئابوریی قایمقامیەت، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی یۆژهەڵاتی هەولێر و یاریدەدەرایەتی ئاسایشی کۆیە، نزیکەی 120 ماسی دەستی بەسەرداگیراوە.

لە کاتی پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە ماسییەکان شیاوی خواردن نەبوون و مەترسییان بۆ تەندروستی هاوڵاتییان هەبووە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان دەستیان بەسەر ماسییەکاندا گرت و لەناویان بردووە.

وەک قایمقامیەت باسی کردووە، فرۆشیارەکەش رێوشوێنی پێویستی لەدژ گیراوەتەبەر و بەڵێننامەی لێ وەرگیراوە کە جارێکی تر ماسیی مردار یان خراپکراو بۆ فرۆشتن پێشکەش بە کڕیارەکانی نەکات.