ئاڵایەکى گەورە لەسەرچاوەى زەڵم هەڵکرا
زەڵم بە ئاڵاى کوردستان دەڕازێندرێتەوە
ئەمەل ناجی _ هەڵەبجە
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی گەشتوگوزارەوە، چالاکییەکی جیاواز لە سەیرانگای ئەحمەدئاوا لە هەورامان بەڕێوەچوو، تێیدا ئاڵایەکی گەورەى کوردستان لەسەر شاخی سەرچاوەی ئاوی زەڵم شۆڕکرایەوە.چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە بە 964ـى راگەیاند، قەبارەی ئەو ئاڵایەی لە سەرچاوەکەوە شۆڕکراوەتەوە زۆر گەورەیە، بە جۆرێک درێژییەکەی 15 مەتر و پانییەکەی 9 مەترە، لە بەرزایی شاخەکەوە بەرەو خوارەوە بۆ نزیک سەرچاوەی ئاوەکە شۆڕکراوەتەوە و دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی بە ناوچە گەشتیارییەکە بەخشیوە.
جگە لەو ئاڵا گەورەیە، گەشتوگوزاری هەڵەبجە چەندین ئاڵای دیکەی لە شوێنە جیاوازەکانی سەیرانگاکە هەڵکردووە، هەروەها هەڵمەتێکی دابەشکردنی ئاڵاشیان بەسەر دوکاندار و کاسبکارەکانی ناوچەکەدا ئەنجامداوە.
لەبارەی دابەشکردنی ئاڵاکانەوە، چیا قاسم ئاماژەی بەوەشکرد، رێنمایی و مەرجیان داوەتە خاوەن کارەکان کە “دەبێت هەر دووکانێک لە سەیرانگاکە لانیکەم ئاڵایەکی کوردستانی تێدا بێت و لە شوێنێکی دیار و بەرچاودا دایبنێن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح