لە دوێنێ شەوەوە تا بەیانی ئەمڕۆ چی روویدا؟
کردەنەوەی دەرگای قوتابخانەکان و شەڕە قسەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران
شۆڕش قادری
یەکەم زەنگی خوێندنی ئەمساڵ لە کوردستان لێدرا و شەڕە قسەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئێرانیش بەردەوامە، کورت و پوخت پێتان دەڵێین لە شەوی رابردووەوە تا بەیانی ئەمڕۆ چی روویداوە؛
-بەیانی ئەمڕۆ زوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەولێر زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و بە فەرمی خوێندن دستیپێکردەوە.
-دواتر لە سلێمانی و شارەکانی دیکەی کوردستانیش یەکەم زەنگی ساڵی تازەی خوێندن لێدرا و قوتابیان بە ئاڵای کوردستان و دڵخۆشییەوە پێشوازیان لە وەرزی ئەمساڵی خوێندن کرد.
-دوای راپۆرتێکی 964 لەسەر ژیانی سەخت و پڕ لە نەهامەتیی خێزانێک لە شاری سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی شارە حەیاتەکە هاتە دەنگ و ئەرکی گەڕاندنەوەی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە و کرێی خانووی یەک ساڵی ئەو خێزانەشی گرتەئەستۆ.
-وەزارەتى دارایى و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سبەی دووشەممە دەست بە دابەشکردنى موچەى مانگى 8ـی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکرێت و تا رۆژی پێنجشەممە سەرجەمیان موچەکانیان وەردەگرن.
لە دەرەوەش ئەم هەواڵانە هەبوون؛
-پێت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ئەرکی سەرەکی ئێمە بریتییە لە رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگ، تێکشکاندن و لەناوبردنی دوژمنەکانمان.
-پێت هێگسێت: هێزەکانمان سەرقاڵی دروستکردنی کەشتیی بێسەرنشین، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی سەرووی خێرایی دەنگن (هایپەرسۆنیک).
-موحسن رەزایی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، حەوت مەرجیان داوە بە ئەمریکا.
-موحسن رەزایی: پەیامی ئێمە روون و ئاشکرایە، ئەگەر واشنتن دەیهەوێ لەو گێژاوەی کە خۆی دروستیکردووە، رزگاری ببێت، دەبێت مەرجەکانمان قبوڵ بکات.
-وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئەو ئەمریکیانەی کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، پێویستە هۆشیار بن و ئاگایان لە خۆیان بێ، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیش لەئارادایە.
-وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پێشبینی دەکرێت ململانێی نێوان سعودیە و حوسییەکان پەرەبسەنێت.
-یەحیا سەریع وتەبێژی حوسییەکان: هێزەکانمان بە بەکارهێنانی موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، دوو هێرشیان کردووەتە سەر شاری ریازی پایتەختی سعودیە و شاری یەنبەع.
-یەحیا سەریع: ئەم هێرشانە لە وەڵامی هەوڵی هێزەکانی سعودیە بۆ ئامانجگرتنی پایتەختی یەمەن ئەنجام دراون.
-ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ئاشکرایکرد، پسپۆڕانی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی ناوچەی بابولمەندەب لە یەمەن و ناوچەکانی دەوروبەرییان کردووە.
-فرانس پرێس: مەبەستی ئەو سەردانانە تاوتوێکردنی جێگیرکردنی سیستەمی رادار لە نزیک بابولمەندەب و هەروەها سەرپەرشتیکردنی کارەکانی هەڵکەندنی تونێل لە ناوچە شاخاوییەکانە کە دەڕواننە سەر گەرووە ئاوییەکە.