چیرۆکەکە لە زاری زانیاری سەعید
بۆ هەنجیر چوون و لە جۆگەیەک تەرمی گەنجەکەیان بینی
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەو کەسەی تەرمی گەنجە تەمەن 30 ساڵەکەی رووباری سیروانی دۆزییەوە دەڵێ، پێنج برادەر هاتوون بۆ گەشت و هەنجیر خواردن لەناو باخی خزمێکیان، لە کاتی گەڕان و پیاسە کەوتوون بەسەر لاشەکەیدا.
ئێوارەی رۆژی شەممە 13.9.2026، محەمەد عەبدولڕەحمانی تەمەن 30 ساڵ، لە ناو رووباری سیروان لە سنووری قەزای کەلار خنکا، سەرەڕای بەردەوامیی گەڕانی تیمەکان بەڵام تەرمەکەی تا ئەم ئێوارەیە نەدۆزرایەوە.
ئەو کەسەی بە تەرمەکەی زانیوە و خەبەری بە تیمەکان داوە ناوی زانیاری سەعیدە دەڵێ، بە سوتفە لە جۆگەیەکی سەر رووباری سیروان تەرمەکەیان بینیوە و بەرگری شارستانیانن ئاگادار کردووە.
پێشتر، باوکی محەمەد، کە لە کاتی کارەساتەکەدا لەگەڵ کوڕەکەی بووە، بە دڵێکی پڕ لە حەسرەتەوە چیرۆکی ساتی خنکانی کوڕەکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتی، 15 جار تەلەفۆنی بۆ کردم و پێداگریی کرد تا بچم بۆ لای، کە چووم و ویستمان لە ئاوەکە بپەڕینەوە، ئەو خەمی منی بوو کە شتێکم لێ نەیەت، بەڵام لەپڕ خۆی دوو جار چووە خوارەوەی ئاوەکە و ئیتر نەهاتەوە سەرەوە.
وەک باوکی ئاماژەی پێ کرد، محەمەد مەلەوانێکی باش بووە و پێشتریش چەندین جار لەو ناوچەیە مەلەی کردووە و لە ئاوەکە پەڕیوەتەوە، بەڵام قەدەر وابووە ئەمجارە هەر لەوێدا بخنکێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا