پاشەکەوتەکە، پاشەکەوت ناکرێتەوە بۆیان

لە زاری خۆیانەوە؛ خانەنشینان موچەیان دەچێتەوە بۆ قەرز و بژێوی


هەرژین محەمەد – دهۆک

لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی موچەی مانگی ئاب، لە دهۆک سەدان خانەنشینکراو لە بەیانییەکی زووەوە لە بەردەم ئامێرەکانی راکێشانی پارە رێزیان بەستووە، بەڵام پارەکە پێش ئەوەی بگاتە ماڵەوە، لە نێوان کرێی خانوو، قەرز و پسوڵەی ئاو و کارەبادا تەواو دەبێت.

تۆڕی 964 لە بەردەم ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە دهۆک، لە چەند خانەنشینکراوێکی پرسی کە موچەکەیان لە چیدا خەرج دەکەن؟ بەڵام سیمای زۆربەیان بێئومێدیی پێوە دیار بوو و دەیانووت موچەکەیان تەنیا دەچێتەوە بۆ قەرز و بژێوی.

سالم یونس، مامۆستایەکی خانەنشینکراوە و لە بارەی بەشی موچەکەیەوە بە 964ی وت، موچەکەم هیچی پێ ناکرێت و تەنانەت تێری خەرجیی هەفتەیەکم ناکات، تەنیا ئەگەر نەخۆشییەک لە ماڵدا دروست بێت یەکسەر هەمووی تەواو دەبێت.

ئەم دۆخەی خانەنشینان لە کاتێکدایە، زۆربەیان دوای ساڵانێکی زۆر لە خزمەت، ئاواتیان ئەوە بوو پشوویەکی ئارام بدەن و موچەکەیان بۆ خۆشی یان پڕۆژەیەک خەرج بکەن، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی موچە و کەڵەکەبوونی قەرزەکانەوە، موچەکە پێش وەرگرتنی، شوێنی خەرجکردنی دیاری کراوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا