چوار ساڵ بەسەر ژیانئاوایی ژینا ئەمینی تێپەڕی

“ژن، ژیان، ئازادی”؛ دەنگی دلێری کچان زۆر شتی لە ئێران گۆڕی

شۆڕش قادری

ژینا ئەمینی کچە کوردەکەی سەقز، ناوی نەک تەنیا بووە رەمز، بەڵکو بووە هەوێنی گۆڕانکارییەکی ریشەیی و مێژوویی و وەک مەرەکەبی سەر کێلەکەی بە جۆرێک نەخشاوە، زەحمەتە وا بەئاسانی بسڕێتەوە.

ژینا لە بەرەبەری پاییزدا و چوار ساڵ پێش ئێستا بەتۆمەتی بێ رێزی بە حیجاب و رەچاونەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی لە تارانی پایتەخت گیرا، بەهۆی لێدان و عەزێتدانەوە رۆژی 16ـی ئەیلول لە نەخۆشخانە گیانی سپارد، کەسوکارەکەی پۆلیسیان تۆمەتبارکرد بە کوشتنی ئەو کیژۆڵەیە.

جیاواز لە رووداوەکانی پێشوو، ژیانئاوایی ژینا وابەئاسانی تێنەپەڕی، نەک هەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکو لە باقی شارەکانی ئێران دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) خەوی لە چاوی دەسەڵاتدارانی تاران بڕی.

خۆپیشاندانی بەربڵاو، شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە و قەیرانە قووڵە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە، ئێستا وایکردووە دەسەڵاتدارانی ئێران نەپەرژێنە سەر زۆر بابەتی کۆمەڵایەتی و ئاینی و بە ناچاری دەستیان لە سەر هەندێ پرس سووک کردووە، دیمەنەکانی ئەم دواییەی ناو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەریدەخەن کچان و ژنان بە رادەیەکی باش ئازادییان وەرگرتووە.

ئێستا ئێرانی ئەمڕۆ ئەو ئێرانە نییە کە چوار ساڵ لەمەوبەر لەسەر قایمنەکردنی لەچکەکەی، ژینای تەمەن 22 ساڵی تیا کوژرا، هەموو ئاماژەکان وا پیشان دەدەن ئەو وڵاتە روو لە کرانەوەی زیاتر بکات، لەمەدا ئەو بۆمبانە یەکلاکەرەوە نەبوون کە بەسەر ئێراندا بەردرانەوە، بەڵکو دەنگی دلێری ئەو کچانە هەموو شتێکی گۆڕی کە پڕ بە گەرووی خۆیان هاواریان دەکرد (ژن، ژیان، ئازادی).