دوێنێ شەو چی روویدا؟

گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی ئەوروپا

پەری ساڵح

گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پەرەسەندان دایە و شەپۆلی خۆپیشاندانەکانیش خەریکە هەموو ئەوروپا دەگەرێتەوە، کورت و پوخت پێتان دەڵێین، شەوی رابردوو چی روویداوە؛

📌خۆپیشاندانەکانی ئەوروپا دوێنێ شەو ئەڵمانیاشی گرتەوە، خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر چەندین دوکان و براندی جیهانی و تاڵانیان کرد، سەرەڕای ئامادەکاری پێشوەختە و دانانی بەربەست بۆ پاراستنی دوکانەکانیان و بڵاوەپێکردنی هێزی ئەمنی توند، خۆپیشاندەران دژی گرانیی ژیان، کەمکردنەوەی بودجەی پەروەردە و سەربازیی زۆرەملێ رژاونەتە سەر شەقام.

📌ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا هەفتەی داهاتوو شەڕ دژی ئێران دەستپێدەکاتەوە یان نا، وتی: لەبەردەم دەزگاکانی راگەیاندندا باسی ئەو پرسە ناکەم.

📌ترەمپ: شاخی قوڵینگ (کلنگ گزلا) یەکێک لەو شوێنە مەترسیدارەکانی ئێران و دەبێت بە خێرایی لێی بدەین و لەناویبەرین.

📌موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزدا بۆ ئەمریکا رایگەیاند کە ئێران هێزێکی شاردووەتەوە و لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕدا، گورزێکی وا لە ئەمریکا دەوەشێنن کە “شاخی بشکێنن” و پیشانی جیهان بدەن کە ئەو وڵاتە لەمەودوا ناتوانێت هیچ بکات.

📌موحسین رەزایی: ئێستا بەرنامەی چەکی ئەتۆمیمان نییە، بەڵام ئەگەر شەڕ هەڵگیرسێت، رەنگە ناچار ببین سیاسەتمان بگۆڕین و بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بڕۆین.

📌شەپۆلی توندی خۆپیشاندەکانی فەرەنسا بەردەوامە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی ئەو وڵاتە، نزیکەی 320 هەزار کەس لە سەرانسەری وڵاتدا بەشدارییان تێدا کردووە، لەو ژمارەیەش نزیکەی 70 هەزار کەسیان تەنیا لە شەقامەکانی پاریسی پایتەختدا بەشدارییان لە ڕێپێوانەکاندا کردووە.

لە پەراوێزی خۆپیشاندانەکانی پاریسدا، ئاژاوە و گرژی لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و بەشێک لە خۆپیشاندەراندا دروستبوو و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوانیاندا هەڵگیرسا، کە بووە هۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی شەقامەکان.

📌میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای (Medya Haber) دەڵێت: ئـ.ـۆجـ*ـەلان شوێنێکی نوێی لە ئیمڕاڵی بۆ دروستکراوە و رەزامەند بووە بە گواستنەوەی لە زیندانەوە بۆ شوێنە نوێیەکە

📌رووسیا دەڵێت ئۆکرانیا بە هێرشەکانی زیانی بە کۆمپانیایەکی پیشەسازی ناوچەی موسکۆ گەیاندووە، لە بەرامبەردا ئۆکرانیا (کیێڤ) رایدەگەیەنێت کە توانیویەتی پاڵاوگەیەکی گەورەی نەوتی رووسیا بۆردومان بکات و زیانی پێ بگەیەنێت.

📌باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە پێشتر زانیاریی هەواڵگرییان دەستکەوتووە دەربارەی مەترسیی هێرشێکی تیرۆریستی یان نەخوازراو لە ناو شاری موسکۆ، و پێشوەختە دەسەڵاتدارانی رووسیایان لەو مەترسییە ئاگادار کردۆتەوە.

📌 زێلینسکی ئاشکرای کرد کە لەگەڵ ئەردۆغاندا گفتوگۆی کردووە دەربارەی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی دانوستانکارانی ئاشتی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئۆکرانیا و رووسیا بۆ ئامادەکارییەکانی پرۆسەی ئاشتی.

📌مارک روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانەکانیدا جەختی لەسەر ئامادەیی واشنتن کردەوە بۆ دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانە لەگەڵ ئێراندا، بەڵام هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە دانوستانەکان کە بە ناوبژیوانیی قەتەر بەڕێوەدەچن هێشتا چوارچێوەیەکی کاتی دیاریکراویان نییە و ترەمپ بڕیاری کۆتایی لەسەر هێرشی سەربازی نەداوە.

📌رۆبیۆ: دانوستانمان لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ کردووە دەربارەی ئەگەری بەستنی کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان ترەمپ و پۆتین لە مانگی داهاتوودا، هەروەها بەدووری نەزانی کە بانگهێشتنامە بۆ زێلینسکی بنێردرێت بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمەڵەی G20، و ئاماژەی بە بایەخدانی نێودەوڵەتی دا بۆ ئاگربەستێکی سنووردار لە دەریای رەشدا.