دیمەنی چەند جۆرە چەکێک
لە ماوەی یەک هەفتەدا
لە عێراق هەشت هەزار و 731 چەکی ئاگرین تۆمار کراون
ئەحمەد مستەفا
فەریق سەعد مەعن، بەرپرسی شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە دیوانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 8,731 چەکی ئاگرین لەلایەن لیژنەی نیشتمانیی رێکخستن و قەتیسکردنی چەک بۆ دەوڵەت تۆمار کراون.
بەپێی بەیاننامەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق کە 964 بینوویەتی، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و بەهێزکردنی سەروەری یاسا ئەنجام دراوە.
هەروەها، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان و رێوشوێنە دادوەرییەکاندا، دەست بەسەر 1,191,441 پارچە چەک، 11,191,363 گوللە، 201,809 موشەک و بۆمب، هەروەها 18,180 کەرەستەی تەقینەوەدا گیراوە.
مەعن دەڵێ، ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە پلانی حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بە چەکی بێ مۆڵەت و سنووردارکردنی چەک بە دەستی دامەزراوە فەرمییەکان، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق.