"ماڵی کەسایەتیەکانی شارەکە بووە"
وەرزى باران لەڕێیە؛ بەشێک لە کەلەپورى کۆیە مەترسى رووخانى لەسەرە
دەریا ئەحمەد _ کۆیە
لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی هاتنی وەرزی بەفر و بارانن، بەڵام لە کۆیە رەنگە ئەم رەحمەتە مەرگی نزیکەی 20 خانووی کەلەپوری شارەکەی پێوەبێت کە خانوی کەسایەتیەکانی شارەکە بوون و بەهۆی نۆژەننەکردنەوەیان ساڵ لەدوای ساڵ وێرانتر دەبن و چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ بارانی ئەمساڵ بە تەواوی لەناو بچن.
ئەو خانوانە لەناو چوار گەڕەکە کەلەپورییەکەی کۆیە دان و لە دەورووبەری ئەوانیش دا هاتوچۆی هاوڵاتی و ئۆتۆمبێل هەیە، بۆیە رووخانی ئەم خانوانە مەترسی لەسەر ماڵ و ژیانی هاوڵاتیان دروست دەکەن.
یەکێتی واحید بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە بە 964ـی وت،”نزیکەی 20 خانوو هەیە کە ئێمە دەمانەوێ پارێزگاریان لێبکەین و نەهێڵین لەناو بچن، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ساڵێک دەرخستە دەکەین بۆ نۆژەنکردنەوەیان، بەڵام بەهۆکاری قەیرانی دارایی وەڵاممان وەرنەگرتووە و نەمانتوانیووە نۆژەنیان بکەینەوە”.
“جگە لە خانوی کەسایەتییەکان زۆربەی خانووە کەلەپورییەکانی تریش مەترسی رووخانیان لەسەرە کە ئەمانە ماڵی خەڵکی ئاسایی بوون، بەڵام بۆ ئێمە وەک فەرمانگەی شوێنەوار و کەلەپوری کۆیە لە خەمی پاراستنی خانوی کەسایەتییەکان داین، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیووە رێگری بکەین و ترسمان هەیە بارانی ئەمساڵ بەشێکی زۆریان لەناو ببات”، یەکێتی واحید واى وت.
هەرچەندە قەیرانى دارایى دەستى بەستوون، بەڵام وەک یەکێتى واحید روونى دەکاتەوە، لە رابردوودا توانیویانە
چوار خانووی کەلەپوری نۆژەنبکەنەوە و بیکەینە شوێنێکی کەلتوری و کافتریا و هاوڵاتی و گەشتیار سەردانی بکەن.
ئاماژەى بەوەشکرد، جگە لەو چوار خانووە، خانوی پێنجەمیش لەژێر نۆژەنکردنەوە دایە، بەڵام خانوەکانی تریان لەژێر مەترسی روخاندان. بۆیە بە نوسراوی سەر دیوار هاوڵاتیانمان لە مەترسیەکە ئاگادارکردۆتەوە تا خۆیان لەو شوێنانە بەدووربگرن.
لە ساڵانی رابردوودا رووخانی خانوە کەلەپورییەکان جگە لە زیانی مادی تەنانەت زیانی گیانیشی هەبووە و چەند ساڵێک لەمەوبەر بەو هۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح