جوتیارانی باڵەکایەتی عەلوەیان دەوێت

عەلوەی سۆران تەماتەیان لێ ناکڕێت و ئەوانیش گردبوونەوە

ئاکام غەفور – باڵەکایەتی

جوتیارانی باڵەکایەتی بۆ دووەم جار گردبوونەوە بۆ ئەوەی رێگایان پێ بدرێت عەلوەیەکی کاتی لە چۆمان بکرێتەوە تاکو بەرهەمی ئەمساڵی لێ ساغ بکەنەوە.

سیامەند محەمەد، جوتیارە و بە 964ـی وت، بوونی عەلوە لە چۆمان کارئاسانی زۆر بۆ جوتیاران دەکات و هۆکار دەبێت بۆ کەم بوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ، بە تایبەتی ئەم ماوەیە کە رووداوی هاتوچۆی بارە تەماتە زیادی کردووە.

وتیشی، لە عەلوەی سۆران تەماتەمان لێ ناکڕن تا دەبێت بە ئێوارە بۆ ئەوەی ئەو کات بەرهەمەکان خراپ ببێت و ئەوانیش بە نرخێکی هەرزانتر لێمان بکڕن.

حەیدەر محەمەد، جوتیارە و خاوەنی عەلوە کاتیەکەی چۆمانە و بە 964ـی وت، تەنیا دوو رۆژ عەلوەکەمان کردەوە نرخی کیلۆیەک تەماتە 200 دیناری هاتە سەر و ئەمەش لە بەرژەوەندی جوتیارانە و دەتوانن قازانج بکەن.

وتیشی، ئێمە ئەگەر تەماتەکەمان ببەین بۆ عەلوەی هەولێر و سۆران ئەوەندەی ئەدەین بە سندوقی پلاستیک و کرێکار و هاتوچۆ هیچمان بۆ نامێنێتەوە و زەرەر دەکەین، بۆیە داوای کردنەوەی ئەم عەلوە کاتییە دەکەین.

پێداچوونەوە: شیرین ساڵح