هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕەکانیان دەکات

شارەوانیی هەولێر هۆشدارییەکی توند دەداتە کۆمپانیاکانی دیلیڤەری

وریا فەتاح

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هۆشدارییەکی توند دەداتە سەرجەم کۆمپانیاکانی گەیاندنی خێرا (دیلیڤەری) و دەڵێت، هەر ماتۆڕسوارێک بە مەبەستی پێچکردنەوە زیان بە شۆستە و سەوزاییەکانی شار بگەیەنێت، ماتۆڕەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت و کۆمپانیاکەش رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، ماوەیەکە دیاردەیەکی نایاسایی لەلایەن شۆفێری ماتۆڕسکیلەکانی گەیاندنی خواردنەوە سەریهەڵداوە، کە لەبری بەکارهێنانی ترافیک و شوێنە فەرمییەکان بۆ پێچکردنەوە (یوتێرن)، هەڵدەستن بە شکاندنی کێربستۆنی دوورگە ناوەندییەکانی شەقامەکان لە بەرامبەر چێشتخانەکان. هەروەها لە نزیک ترافیک لایتەکان رێڕەوی رۆیشتن بەسەر شۆستە و باخچە و سەوزاییەکاندا دروست دەکەن بۆ ئەوەی بە خێرایی بپەڕنەوە.

شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم رەفتارە جگە لەوەی مەترسیی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان و جووڵەی هاتوچۆ دروست دەکات، هاوکات زیانێکی گەورە بەو دار و درەخت و سەوزاییانە دەگەیەنێت کە بە ئامانجی جوانکردنی سیما و ژینگەی شارەکە دروستکراون.

لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە کۆمپانیاکانی دیلیڤەری کراوە بەپەلە شۆفێرەکانیان ئاگادار بکەنەوە کە تەنها رێڕەوە فەرمییەکان بەکاربهێنن. شارەوانی هۆشداری داوە کە: “لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر رەفتارێکی لەم شێوەیەدا، راستەوخۆ دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکاندا دەگیرێت و رێکاری یاسایی توند بەرامبەر کۆمپانیاکە دەگیرێتەبەر و دەدرێنە دادگا.”