مریشکى کێڵگە پەلەوەرییەکان
"با خاوەن کێڵگەکان زەرەر نەکەن"
کۆمەڵەى کێڵگەڵە پەلەوەرییەکان بۆ مریشکفرۆشان: نرخى مریشک بەرز بکەنەوە
964+
وریا فەتاح
لە نامەیەکدا کە ئاراستەى مریشکفرۆشانى کردووە، سەرۆکى کۆمەڵەى کێڵگە پەلەوەرییەکان داوا لە مریشکفرۆشەکان دەکات، کەمێک نرخى مریشک بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەى خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان زیان نەکەن.
نازم عەبدوڵا، سەرۆکى کۆمەڵەى کێڵگە پەلەوەرییەکان لەبارەى ئەو نامەیەوە بە 964ـى وت،”داوامان کردووە نوسینگە و دوکانەکانى مریشکفرۆشى کەمێک نرخى مریشک بەرز بکەنەوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەدایە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان زەرەر نەکەن”.
بەوتەى نازم عەبدوڵا، نرخى بەنزین و ئالیک و گاز گران بووە، بۆنمونە لیترى بووە بە 1200 دینار، کیلۆیەک مریشک 2400 بۆ 2500 لەسەر خاوەن کێڵگەى پەلەوەرى دەکەوێت، وەک دەڵێت” بەچ حەقێک خاوەن کێڵگە بە 1900 تا 2000 دینار، کیلۆیەک مریشک بفرۆشێت”.
روونیشى کردەوە، بەرزکردنەوەى نرخى مریشک ماناى ئەوە نییە هاوڵاتى باجەکەى بدات، بەڵام ئەگەر خاوەن کێڵگەى پەلەوەرى زیان بکات، کەرتەکە مەترسى دەکەوێتەسەر.
داواش دەکات لە حکومەتى هەرێم، مریشکى بەستوو رابگرێت یان لە رێگاى بازرگانە خۆماڵییەکانەوە پڕۆژەیەک بنیات بنێت کە لە کاتى دەرچوونى کێڵگەکان یان ئەو کاتانەى مریشک زۆرە، مریشکەکان لە خاوەن دەواجنەکان وەربگرن و مریشکى بەستووى خۆماڵى بخەنە بازاڕەکانەوە.
بەپێی ستانداردی جیهانی، ساڵانە هەر تاکێک پێویستی بە 24 کیلۆگرام گۆشتی مریشک هەیە. بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 147 هەزار تۆن گۆشتی مریشک هەیە، بەڵام وەک ئەوەى نازم عەبدوڵا ئاشکراى دەکات، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنان زۆر زیاترە و ساڵانە 400 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنرێت.
لە هەرێمی کوردستان 1985 پڕۆژەی پەلەوەریی مۆڵەتدار هەیە کە پێکدێن لە نزیکەی 3000 هۆڵ، لەگەڵ بوونی نزیکەی 800 پڕۆژەی نایاسایی