هەریر بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە خەلیفانی بردەوە

964+

ئاکام غەفور – هەریر

یانەی هەریر بە پشتگیری هاندەران و یاریگا کلاسیکۆی دەڤەرەکەی لە یانەی خەلیفان بردەوە.

یارییەکە لە چوارچێوەی کۆمەڵەی دووەمی پارێزگای هەولێری خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان بوو، گێمی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.

لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، یانەی هەریر باشتر دەرکەوت و چەند هێرشێکی مەترسیداری ئەنجامدا، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجامبوو تاوەکو کۆتا خولەکی یارییەکە، یاریزان ئەحمد ئەیوب تاکە گۆلی یانەی هەریری تۆمارکرد و کۆتایی بە یاریەکە هێنا.

دوای یارییەکە، ئەرشەد رەسوڵ، راهێنەری یانەی هەریر قسەی بۆ 964 کرد، ئەو لە ئانجامی یارییەکە رازی بوو، دەڵێت: چاوەڕێ بووین گۆڵی زیاتر تۆمار بکەین، چونکە بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو پێویستیمان بە گۆڵ بوو.

زیاتر وتیشی “سوپاسی هاندەرانی یانەی هەریر دەکەین، سوپاس بۆ ئامادەبونی ئەو هاندەرە زۆرە کە بە جۆشوخرۆشەوە ئامادە بوون”.

یانەی خەلیفان و یانەی هەریر، لە کۆمەڵەی دووەمی پارێزگای هەولێرن، خەلیفان هیچ هیوایەکی نەماوە بۆ سەرکەوتن و لەو چوار یاریەی ئەنجامیداوە تەنیا یەک خاڵی هەیە، هەرچی یانەی هەریرە لە سێ یاریدا چوار خاڵی هەیە و یاری داهاتووی بەرامبەر یانەی جیهانە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق