ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانى نەوت دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە

وەزیرى ناوخۆ: تا کۆتایی ئەم مانگە هێزەکانی هاوپەیمانان بەتەواوی دەکشێنەوە

وریا فەتاح

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پرسی گرنگی ئەمنی، ئابووری و سیاسی تاوتوێ کرد و رایگەیاند، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیپێکردووە و تا کۆتایی ئەم مانگە هیچ هێزێکیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان نامێنێتەوە.

وەزیری ناوخۆ لەبارەی پرسی کشانەوەی هاوپەیمانان رایگەیاند، دەرچوونی ئەو هێزانە دەرەنجامی ئەو رێککەوتن و سازانەیە کە پێشتر لەگەڵ حکومەتى عێراق کراوە. ئاماژەی بەوەشدا کە پرۆسەکە بە جدی دەستیپێکردووە، لە هەرێمی کوردستانیش هێزەکان رۆژانە دەگوازرێنەوە و بەپێی رێککەوتنەکە تا کۆتایی مانگی نۆ بەتەواوی عێراق جێدەهێڵن.

رێبەر ئەحمەد هیوای خواست ئەم کشانەوەیە بۆشایی ئەمنی دروست نەکات و جەختی کردەوە: “دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە پشت بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێم ببەسترێت. لەمەودواش پێویستە لە عێراقەوە پەیوەندییەکی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی ناو هاوپەیمانێتییەکە دروست بکرێت.”

وەزیر دووپاتیشی کردەوە، چ هاوپەیمانان لێرە بن یان نا، دەبێت هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر باش بن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ تیشکی خستە سەر رێککەوتنی گومرگی و سیستمی ئەسیکۆدا. ئاشکرای کرد کە تا ئێستا رێککەوتنی کۆتایی و تەواوەتی لەسەر سیستمەکە نەکراوە، بەڵام پێشنیازێکیان خستووەتەڕوو کە لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردایە.

وتیشی: “بەپێی ئەو پێشنیازەی ئێمە کە هەموو پارێزگایەکی خاوەن دەروازە پشتگیری دەکات، ئەو داهاتەی لە خاڵە سنوورییەکان کۆدەکرێتەوە دەبێت نیوەی (50%) بۆ حکومەتی فیدراڵی بێت و نیوەکەی دیکەشی (50%) بۆ خودی ئەو پارێزگایە بێت کە دەروازەکەی لێیە.”

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، رێبەر ئەحمەد روونیکردەوە کە تا ئێستا هەموو کۆمپانیاکانی نەوت نەکەوتوونەتە کارکردن و تەنیا بەشێکیان ئیش دەکەن. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەو کۆمپانیایانە زەمانەتی پێویستیان پێنەدراوە و هێشتا سیستمی بەرگری (دژە درۆن)یان بۆ دانەنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژەی بەوەدا کە کەم تا زۆر بەرهەمی نەوت هەیە و دەدرێتە بازاڕی ناوخۆیی.

لەسەر پرسی بودجەی هەرێم لە عێراق، وەزیری ناوخۆ جەختی کردەوە کە بەپێی ئامارەکان دان بەوەدا نراوە کە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.1%ـە (ئەمەش بێجگە لە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم). بۆیە شاندی دانوستانکاری هەرێم پێداگرییەکی زۆر دەکات کە لە یاسای بودجەدا ئەم رێژەیە وەک پشکی هەرێم جێگیر بکرێت.

لە کۆنگرەکەدا، وەزیری ناوخۆ ئامارێکی مەترسیداری لەبارەی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا خستەڕوو. رایگەیاند کە تا ئێستا حکومەت توانیویەتی 390 کۆچبەر لە لیبیاوە بگەڕێنێتەوە، بەڵام هێشتا 21 کۆچبەری دیکە ماون بگەڕێنەوە، داواشى لە گەنجان و خێزانەکانیان کرد کە بژاردەى رێگاى لیبیا هەڵنەبژێرن، چونکە وەک دەڵێت،”رێگایەکى سەلامەت نییە”.