سەرەڕای بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی

هێشتا نەخۆشخانە ئەهلییەکەی هەولێر دانەخراوە و نەخۆش لە ژوورەوە ماوە

964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر

دوای گیانلەدەستدانی ژنێکی تەمەن 21 ساڵ بەهۆی نەشتەرگەرییەکەوە کە لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە هەولێر کرابوو، وەزارەتی تەندروستی بڕیاری داخستنی نەخۆشخانەکەی دا، بەڵام تا ئێستا نەخۆشخانەکە دانەخراوە.

کارگێڕی نەخۆشخانەکە بە پەیامنێری 964ـیان راگەیاند، هێشتا ناتوانین نەخۆشخانەکە دابخەین، چونکە ژمارەیەک نەخۆش لە ناو بیناکە ماون و لەژێر چاودێریدان.

وەک ئەوەی کارگێڕی نەخۆشخانەکە باسی دەکات، سبەی ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە هەیە، رەوانەی شوێنی دیکە دەکرێن و ئەوانەشی چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە، رەوانەی ماڵەوە دەکرێن و دواتر لیژنەیەکی وەزارەتی تەندروستی تەواوی بینای نەخۆشخانەکە دادەخات.

تەحسین یاسین، باوکی ئەو کچەی بەهۆی نەشتەرگەرییەکەوە گیانی لەدەستداوە بە 964ـی وت: سبەی سکاڵاکەم دەبەمە دادگای هەولێر و هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر.

وەزارەتی تەندروستی لەسەر گیانلەدەستدانی ئەو ژنە، ئێوارەی ئەمڕۆ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و وتی: ئیدارەی نەخۆشخانەکە و ئەنجامدەرانی نەشتەرگەرییەکە پابەندی رێنمایی و بڕیارەکانی وەزارەت نەبوون، بۆیە بڕیارماندا، نەخۆشخانەکە دابخەین.

پێداچوونەوە: هەژان هادی