پڕۆتینی زۆرە

خواست لەسەر شیرى مایین لە زیادبوونە

964+

ئەحمەد محەمەد- سلێمانە

هەرچەندە شیرەکەى کەمە و وەک مانگا نییە، بەڵام خواست لەسەر شیرى ماین لە زیادبوونە و هەندێ هاوڵاتى پێیانوایە چارەسەرى زۆر دەردانە، ئاژەڵدارێکیش دەڵێت: سەرەى بۆ گیراوە.4

پەیوەند جەزا کە ئاژەڵدارێکى گوندى زڕگوێزە، بە 964ـى وت،” دوای ئەوەی  لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وا بڵاوكرایەوە كە شیری ماین بۆ چارەسەری هەندێك نەخۆشی بەكادێت، بڕیارمدا بێ بەرامبەر شیرەكەی بەو نەخۆشانە ببەخشم”.

وەک باسى دەکات، خەڵکێکى زۆر داواى دەکات و سەرەى بۆ گیراوە و دەیبەن بۆ دەرەوەى سلێمانیش، بەتایبەت نەخۆشانى شەکرە و گەشکە.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەگەرچی لە چەند شوێنێكەوە داوای لێكراوە شیرەكەی بۆ بەرهەمهێنانی سابون و هەندێك بەرهەمی دیكە سوودی لێوەربگرن، بەڵام رەتیكردووەتەوە بە پارە ئەو كارە بكات و شیری ماینەكانی بۆ ئەو کەسانە تەرخانکردووە کە داواى دەکەن.

لەبارەى لایەنى زانستى و ئەو شیرە کە ئاخۆ گونجاوە بۆ نەخۆشى بەتایبەت شەکرە و شێرپەنجە، 964  قسەی لەگەڵ د. عوسمان جەمال پزیشكی پسپۆڕی ڤێتەرنەری كردووە، وەک ئەو دەڵێت: لەسەر شیرى ماین بۆ شێرپەنجە چەند توێژینەوەیەك كراوە، بەڵام كاریگەری ئەوتۆی نەبووە، بەڵام بۆ نەخۆشانی شەكرە و هەندێ حاڵەتی لاوازی سێكسی و دابەزاندنی كێش كاریگەری یەكجار باشی هەیە، چونكە شیرەكەی رێژەی پڕۆتینی بەرزە و كاربۆهیدراتی كەمە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ سوود وەرگرتن لە جۆری شیرەكە بۆ ئەو نەخۆشانە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح