لە چۆمان

دوکانی ماتۆڕ و پاسکیل هەشتی شەو دەبێ دای بخەن

ئەحمەد مستەفا

خەڵک ئەم رۆژانە چاوی لە داخستن و دانەخستنی سەرتاشخانەکانە لە دوای کاتژمێر 8:00ی شەو، کەچی لیژنەی ئابووری چۆمان بڕیارێکی جیاوازتری داوە.

ئەگەر هەر شوێنێک لە چاککردنەوەی ماتۆرسکیل و پاسکیل لەدوای کاتژمێر 8:00ی شەو کراوە بن، سزایان دەدات.

بەپێی رێنمایی و بە بڕیاری لیژنەی ئابووری قەزای چۆمان، شوێنی چاککردنەوەی ماتۆرسکیل و پاسکیل لەناو بازاڕی سەنتەری قەزای چۆمان لە کاتژمێر 8:00ی بەیانی تاوەکو کاتژمێر 8:00ی شەو دەتوانن بکرێنەوە.

دوای ئەو کاتە خۆیان بەرپرسیارن و بە کردنەوەیان، وەک لیژنەی ئابووری چۆمان دەڵێ، خاوەنەکانیان تووشی سزای دارایی و لێپێچینەوە دەبنەوە.

لەو راگەیەندراوەدا کە 964 بینیوویەتی لیژنەکە نوسیوویەتی، لێرەوە بە کاسبکاران رادەگەیەنین کە پابەندی ئەم بڕیارە بن و لەدوای کاتژمێر 8:00ی شەو دوکانەکانیان دابخەن.

لەبەرانبەر پابەند نەبوونیان لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەم بڕیارە لە سبەی رۆژی 3.9.2026 کاری پێ دەکرێت.