دیمەنی نیشتنەوەی هەڵیکۆپتەرێک لەسەر کەشتی جەنگیی USS Boxer لە دەریای عەرەب – وێنە؛ سێنتکۆم
سێنتکۆم: گەمارۆکان بەردەوامن و رێڕەوی 84 کەشتیمان گۆڕیوە
قالیباف: گەمارۆکان چڕ بکرێنەوە بەڕێگەی سەربازیی وەڵام دەدەینەوە
شۆڕش قادری
قالیباف دەڵێت، گەمارۆکان چڕ بکرێنەوە بەڕێگەی سەربازیی وەڵام دەدەینەوە و سوپای ئەمریکاش دەڵێت، گەمارۆکان بەردەوامن و رێڕەوی 84 کەشتیمان لە ئاوەکانی نزیک ئێران گۆڕیوە.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ خەڵکی وڵاتەکەی دەڵێت، “ئەگەر دوژمن بیهەوێ رێگە لە هەناردەی نەوتی ئێمە لە کەنداوی فارس بگرێت، ئەوا کەس ناتوانێ نەوت هەناردە بکات، ئەگەریش گەمارۆکان چڕ بکەنەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە، بەڕێگەی سەربازیی وەڵام دەدەینەوە و هەموان زەرەر دەکەن”.
هەر دوای پەیامەکەی قالیباف، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) وێنەی مارێنزێکی لەسەر کەشتی جەنگیی USS Boxer لە دەریای عەرەب بڵاوکردووە کە رێنمایی هەڵیکۆپتەرێک دەکات لەسەر کەشتییەکە بنیشێتەوە.
سێنتکۆم دەڵێت، هێزەکانیان سەرقاڵی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانن و تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە 1.9.2026 رێڕەوی 84 کەشتیان گۆڕیوە، سێ کەشتیان لەکارخستووە و چوونەتە ناو دوو کەشتیشەوە و پشکنینیان بۆ کردوون.
چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەریهەڵداوەتەوە و ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی یەکتر، تادێت دۆخی ئابووری ئێرانیش خراپتر دەبێ و بەهای تمەن دادەبەزێ، ئەمڕۆ 100 دۆلارییەک بە زیاتر لە 21 ملیۆن تمەن مامەڵەی پێوەکرا.