بەشی شەش مانگیان دەكات

لە بازیان چەند خۆبەخشێک بە هەرەوەزی كێلی قەبر دروست دەکەن

ئەحمەد محەمەد – بازیان

بەكارێكی هەرەوەزی، ژمارەیەك لە پیاوانی گەڕەكی ئاشتی قەزای بازیان قۆڵی مەردایەتیان لێ هەڵماڵیوە و لەسەر گیرفان و بە شان و بازووی خۆیان كێلی قەبریان بۆ گەڕەكەكەیان دروست كرد.

لە بازیان هەر كێلێكی قەبر، نرخەكەی بەكڕین 25 هەزار دینار لەسەر خاوەن مردوو دەكەوێت، ئەم كارە خۆبەخشییە دەستگیرۆییەكە بۆ خەڵكی گەڕەكەكە و لە دەستكەوتنی بێخەمن.

عەباس محەمەد یەكێك لە خۆبەخشەكان بە 964ـی وت، “ئەمساڵ ئەوە دووەم جارە بەهەرەوەزی و بەرۆژانی هەینی پیاوانی گەڕەك كۆدەبینەوە و كێل بۆ دانیشتوانی گەڕەكی ئاشتی لە بازیان دروست دەكەین، كارەكەش بە خۆبەخشی و بێ بەرامبەر ئەنجام دەدەین”.

ئاماژەی بەوەكرد، نزیكەی 30 كەس بەشداری ئەو کارە خێرخوازییەیان کردووە، بە پێی پێویستی گەڕەك و رێژەی مردن لە ناوچەكە، ناوە ناوە ژمارەیەك كێل دروست دەكەن.

“پێشوەختە چەند كیسە چیمەنتۆیەك دەگرینەوە و ئامادەكاری پێویستی بۆ دەكەین، دواتر هەر لەناو گەڕەكەكە نایلۆنی بۆ رادەخەین و كێلەكانی بە قاڵب لەسەر دروست دەكەین، بەرهەمی ئەم كارە هەرەوەزییەش 170 دانە كێلی قەبری لێ دەرچوو، كە تا نزیكەی شەش مانگێكی دیكە لێی بێخەمین و بەشی گەڕەك و دەورووبەری دەكات”،  عەباس محەمەد وای وت.

باسی لەوەشکرد، ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ قاڵبی كێلەكان لەناو گەڕەكەكە دەمێنێتەوە و دراوسێكان بەخێری خۆیان ئاو رشێنی دەكەن تا خۆی دەگرێت، دواتر رەوانەی گۆڕستانی قەزای بازیان دەكرێت و خاوەن مردووانی گەڕەكیش بێ بەرامبەر بۆ گۆڕی ئازیزانیان بەكاریدەهێنن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری